ڤانس: چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی هەوڵیاندا درێژە بە جەنگی ئێران بدرێت

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا . فۆتۆ: AFP
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا . فۆتۆ: AFP

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل هەوڵیانداوە درێژە بە جەنگی ئێران بدەن و ویستوویانە کاریگەرییان لەسەر ڕایگشتیی ئەمریکا هەبێت، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران.

سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکییەکانی ئێران

ڤانس لە دیمانەیەکى ڕادیۆیی، جارێکی دیکە بەرگریی لەو یاداشتە کرد کە مانگی ڕابردوو لەگەڵ ئێران واژۆیان کرد، سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە لە ناوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەوهۆیەی کە تیایدا باس لە سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران نەکرابوو و دەرچەیەکی ڕوون نەخرابووەڕوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان، جگە لەوەش ئیسرائیلییەکان ناڕازی بوون لە سنووردارکردن دەسەڵاتەکانی ئیسرائیل لە لوبنان.

هەوڵی درێژەدان بە هەڵمەتە سەربازییەکان

ڤانس گوتى "من بە ڕاستی دەزانم کە کەسانێک لەناو حکومەتی ئیسرائیلدا هەن کە چالاکانە هەوڵیاندەدا ئێمە لەم سیاسەتە دووربخەنەوە، چونکە دەیانویست درێژە بە هەڵمەتە سەربازییەکانیان بدەن".

کەسانێک هەن لە ئیسرائیل دەیانەوێت کاریگەرییان لەسەر ڕایگشتی ئەمریکا هەبێت

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی حکومەتی ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام کەسانێک لەناو دامەزراوەکانیاندا هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەر ڕایگشتیی ئەمریکا هەبێت، بۆ ئەوەی جەنگەکە تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام بێت". گوتیشی "ئەوە بێزارم ناکات کە ئیسرائیل یان ڕووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکە هەوڵی لەوشێوە بدات، تەنیا ئەوکاتە نەبێت کە بیانەوێت کاریگەر لەسەر سیاسەت و بڕیاردانی ئەمریکا دابنێن".

لە کۆتاییدا ڤانس دەڵێت "باوەڕی وایە دۆناڵد ترەمپ بەبێ گوێدانە هەر کاریگەرییەکی ئیسرائیل کار بۆ ئەوە دەکات کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لەمەدا ئەویش هاوڕایەتی".

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا