تانکەرێکى گواستنەوەى سووتەمەنى لە تاسڵوجەی سلێمانی سووتا
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک گەڕەکی تاسڵوجەی شاری سلێمانی، تەنکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی بەهۆی تیژڕەوییەوە وەرگەڕا و دوای وەرگەڕانەکەی گڕی گرت، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی دوکەڵێکی چڕ و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ، دواتریش تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و شۆفێرەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
وردەکاریی شوێنی ڕووداوەکە
کاوان عومەر محەممەد، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی خێرا لە سلێمانی لەبارەی شووێن و هۆکاری ڕووداوەکەوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە نزیک گەڕەکی تاسڵوجەی شاری سلێمانی بووە و تەنکەرەکە نەفتای تێدا بووە و ویستوویەتی لە ڕێگەی شەقامی 100 مەترییەوە بەرەو عەربەت بڕوات.
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ
لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی خێرا لە سلێمانی لەبارەی دەرئەنجامەکانی ڕووداوەکەوە گوتیشی "بەهۆی تیژڕەوییەوە وەرگەڕاوەتەوە و گڕی گرتووە، بۆ ماوەیەکیش ئاستەنگی هاتوچۆی لە شەقامەکە دروست کرد، بەڵام دواتر توانیویانە بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ڕێگەکە پاک بکەنەوە هاتوچۆ لەسەر شەقامەکە ئاسایی بووەتەوە".
بارودۆخی شۆفێرەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، شۆفێری تەنکەرەکە بەڕەگەز عەرەبە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
کۆتاییهاتنی ئاگرەکە و نەمانی دوکەڵەکە
بەهۆی ڕووداوەکەوە، ماوەی 2 کاتژمێر دوکەڵێکی ڕەش لە ئاسمانی ناوچەکە بەرز بووەوە و دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە خامۆش کرا، دوکەڵەکەش نەما.
2 کاتژمێر پێش ئێستا