قایمقامیەتی سلێمانی کۆمەڵێک ڕێکاری توند بۆ ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە لە گۆیژە و ئەزمەڕ ڕادەگەیێنێت
قایمقامی سلێمانی ژمارەیەک ڕێکاری نوێی بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە لە چیای گۆیژە و ئەزمەڕ ڕاگەیاند و دەڵێت، دانانی نێرگەلە لەلایەن هاونیشتمانی و گەشتیاران و لەناو کافتریاکانی سەرشاخەکە بەتەواوی قەدەغەیە و پاش کاتژمێر 11ـی شەو، دەبێت سەرشاخەکە لە سەردانیکەران چۆڵبکرێت.
ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان لە کاتی بای بەهێزدا
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێکارێکی دیکەیان ئەوەیە ئەو شەوانەی بای بەهێز هەیە، چوونەسەر شاخەکە قەدەغەدەبێت و ڕێگریی لێ دەکرێت، چونکە بەگوتەی قایمقامی سلێمانی، لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لەو شەوانەدا، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەم دەبێت.
لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە
قایمقامی سلێمانی لەبارەی دەنگۆی هێرشی دەرەکی بۆ سەر شاخەکە گوتی، لەوەڵامی ئەوەی دەگوترێت ئاگرەکە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە بووە بۆ سەر شاخەکە، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام ئەگەری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەهۆی درۆنەوە، نییە.
ڕۆڵی ئاگربڕەکان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگردا
فازڵ عومەر لەبارەی کاریگەریی ئاگربڕەکانەوە ڕاشیگەیاند، لێدانی ئاگربڕەکان لەسەر شاخەکە و لەنێوان دارەکاندا زۆر یارمەتیدەربووە لە کەمکردنەوەی سنووری ئاگرەکە و تەشەنەنەسەندنی.
داواکارییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ پێداویستیی تەکنیکی
هاوکات، ئاری محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە کۆنفرانسەکەدا لەبارەی پێداویستییەکانیانەوە گوتی، داوایانکردووە هەلیکۆپتەریان بۆ دابین بکرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی وەک مێگزەمینی و ماتۆڕ و ئامێرەکانیان بۆ زیاد بکرێت، تاوەکو بتوانن لەکاتی ئاگرکەوتنەوەدا بەخێرایی کۆنترۆڵی بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا