سروە محەممەد: عەلى زەیدى ڕەزامەندى لەسەر خەرجکردنى پارەى گەنمى جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر داوای سروە محەممەد، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانیی ڕاسپارد بۆ خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی گەنمی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای کۆکردنەوەی واژۆی 200 پەرلەمانتار و ئاراستەکردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە گرنگە.

هەوڵە پەرلەمانییەکان بۆ وەرگرتنی مافی جووتیاران

لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی یەکێتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی ڕاسپاردووە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

کۆکردنەوەی 200 واژۆ و ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمان

سروە محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دوای کۆکردنەوەی 200 واژۆی پەرلەمانتاران بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، نووسراوێکیان بە هاوپێچی واژۆی پەرلەمانتاران، ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش واژۆی لەسەر کردووە و نووسراوی بۆ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.

بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان

سروە محەممەد لەبارەی ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران بۆ خەرجکردنی شایستەکان ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکە پێشانداوە و نووسراوی بۆ وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی کردووە، بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

گەنمی وەرگیراو و شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

زیاتر لە 4 ملیۆن و 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. جووتیارانی هەرێمی کوردستان هێشتا 150 ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵی ڕابردوویان بۆ خەرج نەکراوە، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش، دەبێت پارەی گەنمی تەواوی جووتیاران خەرج بکرێت.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا