ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆڕەک تیلیکۆم بۆ هەمیشەیی لە ئارادایە

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق هۆشداری دەداتە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە ئەگەر قەرزەکانی نەداتەوە، ڕەنگە مۆڵەتەکەی بۆ هەمیشەیی هەڵبوەشێنرێتەوە و کۆمپانیای نیشتمانی جێگەی بگرێتەوە.

هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆڕەک

بەلاسم سالم جەنابی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، دەستەکەیان بە نیازە لە ماوەی داهاتوودا ڕێوشوێنی جێبەجێکاریی توند بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بگرێتەبەر. ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند نەبێت، بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بۆ هەمیشەیی لەبەردەستە و لەو حاڵەتەدا کۆمپانیای نیشتمانی جێگەی دەگرێتەوە.

بژاردە یاساییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران

مونا محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی دەربارەی کۆڕەک تیلیکۆم نەدراوە، بەڵام هەموو بژاردە یاساییەکان کراوەن. جەختی کردەوە کە لیژنەکەیان بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات تاوەکو بڕیارێک بدرێت کە دادپەروەری مسۆگەر بکات و سامانی گشتی لە فەوتان بپارێزێت بەبێ ئەوەی زیان بە هاووڵاتیان بگات.

قەرزی کەڵەکەبوو و ئەگەری ڕێککەوتن

عەلی ئەنوەر عیسا، شارەزا لە بواری حوکمڕانی و ئاسایشی زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای کۆڕەک قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی دادگاوە قەرزەکانی بسڕێتەوە. بە بڕوای ئەو، بڕیاری کۆتایی ڕەنگە گەیشتن بێت بە ڕێککەوتن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان بە قیست، بەڵام ئەگەر کۆمپانیاکە پابەند نەبێت، ئەوا ڕێکاری یاسایی دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت و هێنانی کۆمپانیای نیشتمانی وەک جێگرەوە.

بێدەنگیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

بۆ بەدواداچوونی زیاتر، کەناڵ8 پەیوەندی بە شارەزوور جاف، گوتەبێژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئامادە نین هیچ لێدوانێکی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە بدەن. گوتەبێژەکەی کۆڕەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی دادگاکان دەکەن تاوەکو دۆسیەکە بە شێوەیەکی یاسایی یەکلا ببێتەوە.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا