لە کەرکووک بارهەڵگرێک ئیستۆپى نەما و خۆی کرد بە بازگەی چیمەندا
لەسەر ڕێگەى کەرکووک بارهەڵگرێک ئیستۆپى نەما و خۆی کرد بە بازگەی چیمەندا و بەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوت و زیانى پێگەیاندن.
لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک ڕۆێشتووە
پەیامنێرى کەناڵ8 گوتى "بارهەڵگرەکە لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک ڕۆیشتووە و بەهۆى تەقینى برێکەکەى خۆی کردووە بە بازگەی چیمەندا و دواتر خۆى بە سێ ئۆتۆمبێلى دیکەدا کێشاوە لە نزیک بازگەکە ڕاگیرابوون".
شۆفێری بارهەڵگرەکە بریندارە
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕووداوەکەدا شۆفێرى بارهەڵگرەکە بریندار بووە و ڕەوانەى نەخۆشخانە کراوە و تەندروستى جێگیرە، کە لە دایکبووى 1970 ـە و خەڵکى بەغدادە.
ڕاشیگەیاند، دواى ڕووداوەکە تیمەکانى بەرگریى شارستانى گەیشتوونەتە شوێنى ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردووە.
ڕووداوەکەی مانگی نیسانی ڕابردوو
ڕۆژى 26ـى نیسانى 2026 بارهەڵگرێک لە کەرکووک کۆنتڕۆڵى لەدەستدا و خۆى کێشا بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بەهۆى ڕووداوەکەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 27ـى کەسى دیکە برینداربوون و 35 ئۆتۆمبێلیش زیانیان پێگەیشت.
بەگوێرەى ئامارەکان لەسەرەتاى ئەمساڵەوە لە کەرکووک تاوەکو ئێستا زیاتر لە 55 کەس گیانى لە دەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا