
دەستەی کەشناسى عێراق پێشبینیی کردووە، سەرەتاى مانگى ئابى ئەمساڵ عێراق گەرمترین پلەکانى گەرما بەڕێبکات و لە بەشێک لە پارێزگاکان نیوەى پلەى کوڵان تێپەڕێنێت.
لە ڕاگەیێنراوێکى دەستەى گشتیی کەشناسیى عێراقدا هاتووە، لە ڕۆژى یەکى ئابەوە پلەکانى گەرما بەجۆرێک بەرزدەبنەوە کە ئەمساڵ تۆمارنەکراوە، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
کەشناسیى عێراق پێشبینى کردووە، لە پارێزگاکانى باشوورى عێراق پلەکانى گەرما 50 پلەى سیلیزى تێپەڕێن و لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق بگاتە 50 پلە، بەڵام پارێزگاکانى دیکە لەخوار ئەو پلەیەوە دەبن.
بەگوێرەى پێشبینى ماڵپەڕە جیهانییەکانى بوارى کەشوهەوا لە هەرێمى کوردستان پلەکانى گەرما لە یەک تاوەکو 10ـی ئاب لە سلێمانى و دهۆک دەگاتە 44 بۆ 45 پلەى سیلیزى و لە هەولێر دەگاتە 49 پلە.
کەشناسیى عێراق ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکات لە کاتە گەرمەکان بەتایبەت لە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەرۆ تاوەکو چوارى عەسر خۆیان لە تیشکى ڕاستەوخۆى خۆر بپارێزن.
