
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی میسان، زیقار، موسەننا و بەسڕە پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی. هەروەها کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سبەیەوە شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکان بەرزدەبنەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە سبەی پلەکانی گەرما لە هەولێر و هەڵەبجە دەگەنە 45 پلە و لە سلێمانی و دهۆکیش 44 پلە دەبێت. هاوکات لە ناوچەی گەرمیان پلەی گەرما بۆ 49 پلە بەرزدەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا کەشناسیی عێراق جەختدەکاتەوە کە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی باشوور لە ئاستی 50 پلەدا دەمێننەوە و بۆ ڕۆژانی داهاتووش بەردەوامی دەبێت.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا گەیشتووەتە ئاستی نیوەکوڵان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق کە ساڵانە بەرزترین پلەکان تۆمار دەکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، ئەم شەپۆلی گەرمایە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پلەکان لە زۆربەی ناوچەکان لە سەروو 45 پلەی سیلیزییەوە دەبن، ئەمەش وایکردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە هاونیشتمانیان کە لە کاتە گەرمەکاندا خۆیان لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بپارێزن.
https://channel8.com/kurdish/news/72195
https://channel8.com/kurdish/news/223259