
لەکۆى 350 ملیار دینارى شایستەى جووتیارانى عێراق، نزیکەى 59 ملیار دینارى شایستەى دارایی ساڵى 2025ـى جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، بەغداد بڕیارى خەرجکردنى بەشێکى دیکە لە شایستەى جووتیارانى عێراق و هەرێمى کوردستانى دەرکردووە و ئەگەر هەفتەى داهاتوو چەکە بانکییەکان تەواو ببێت، دەتوانین دابەشى بکەن.
ڕاشیگەیاند، لەکۆى ئەو 58 ملیار و 633 ملیۆن دینارەى خەرج دەکرێت، بڕى 21 ملیار و 908 ملیۆن دینارى شایستەى گەنمى جووتیارانى پارێزگاى سلێمانى و لەڕێگەى شەش سایلۆوە دابەش دەکرێت.
ئەوەشى خستەڕوو، بڕى 19 ملیار و 726 ملیۆن دینارى شایستەى گەنمى جووتیارانى پارێزگاى هەولێر و هاوکات بڕى 16 ملیار و 999 ملیۆن دینارى شایستەى جووتیارانى پارێزگاى دهۆک خەرج دەکرێت.
ئەوەشى ڕوونکردەوە، ئەو شایستە داراییانەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان، شایستەى گەنمى ساڵى ڕابردووە، کە داویانە بە سایلۆکان.
هێشتا زیاتر لە 80 ملیار دینارى دیکەى شایستەى دارایی جووتیاران بۆ ساڵى 2025 ماوە خەرج بکرێت، هاوکات بڕى 258 ملیار و 400 ملیۆن دینارى دیکەى شایستەى دارایی 2026 خەرجنەکراوە و بە کۆى گشتى بەغداد نزیکەى 340 ملیار دینارى شایستەى دارایی جووتیاران قەرزارە.
جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرزى گەنمى 2026 بڕى 400 هەزار تۆن، کە بەسەر دوو جۆر نرخدا دابەشکراوە؛ 292 هەزار تۆن لە چوارچێوەی پلاندا بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، و 108 هەزار تۆنەکەی دیکە بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە سایلۆکان وەرگیراوە و کۆى شایستەى دارایی جووتیاران 258 ملیار و 400 ملیۆن دینار بووە.
بەغداد 400 ملیار دینارى شایستەى گەنمى جووتیاران بۆ 2025 و 2026 قەرزارە
سروە محەممەد: عەلى زەیدى ڕەزامەندى لەسەر خەرجکردنى پارەى گەنمى جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوە
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سلێمانی: 12.6 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێم خەرج دەکرێت



