شەش مانگە ڕێبەرى باڵاى ئێران دوور لە چاوەکان کارەکان بەڕێوەدەبات

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى ئێران
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى ئێران

پووختەى ڕاپۆرتەکە

  • شەش مانگ، بێدەنگى و نادیارى ... سەربارى سەختى بریندارییەکەى، بەڵام لە پەنهان و لە پشتى پەردەوە، دوا بڕیار لە پرسە چارەنووسسازەکانى وڵاتەکەى دەدات.
  • موجتەبا خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى ئێران، شەش مانگە لە لووتکەى دەسەڵاتى وڵاتەکەیدایە.
  • لەگەڵ ئەوەى جەنگ و دۆخێکى سەختى ئابوورى و سیاسى بەرۆکى وڵاتەکەى گرتووە، بەڵام بە هۆکارى ئەمنى و ترس لە بەئامانجگرتنى، تەنیا چەند پەیامێکى نووسراوى بڵاوکراونەتەوە و هیچ ڤیدیۆ و پەیامێکى دەنگى بڵاونەکراوەتەوە.

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەرى باڵاى ئێران، هەفتەیەک دواى کوژرانى عەلى خامنەیی باوکى، لە هێرشێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر شوێنى مانەوەى لە تاران لە 28ـى شوبات، دەسەڵاتى گرتەدەست


موجتەبا خامنەیی چى دەکات؟

  • موجتەبا، لە هەمان هێرشدا بە سەختى برینداربوو.
  • سەرەتا و بۆ ماوەیەکى زۆریش دەنگۆى زۆر لەبارەى کوژرانى بڵاوکرانەوە.
  • بە تێپەڕبوونى کات، دەنگۆکان نەمان و یەکلابووەوە چارەسەرى وەرگرتووە و دۆخى تەندروستى بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.
  • ئێستا موجتەبا خامنەیی، هەندێک دیدارى لە چوارچێوەیەکى زۆر سنوورداردا هەیە و بەرپرسانى باڵاى وڵاتەکەى دەبینێت.
  • دەسەڵاتى فراوانیشى بەخشیوەتە کەسە نزیکەکانى بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى وڵات.
  • ئەلیکس فاتانکا، توێژەر لە پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت، چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا موجتەبا لە ژیاندا ماوە یاخود نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێشتا ئێران ڕێبەرێکى باڵاى هەیە و بەکردەوە کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.

قسەى ناوەندە جیهانییەکان لەسەر موجتەبا

ئەلیکس فاتانکا، توێژەر لە پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت، چیتر پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا موجتەبا لە ژیاندا ماوە یاخود نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێشتا ئێران ڕێبەرێکى باڵاى هەیە و بەکردەوە کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.

بۆچى موجتەبا خۆى دەرناخات؟

ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵا و ئاگادار لە دۆخەکە، دەرنەکەوتنى موجتەبا بۆ ترس لە تیرۆرکردنى دەگەڕێننەوە، دەشڵێن، کۆبوونەوەى بەردەوامى لەگەڵ بەرپرسان هەیە و ڕاپۆرتە سەرەکییەکانى پێدەگات و دوا بڕیار لە هەر پرسێکى گرنگ دەدات.

ئاژانسى ڕۆیتەرز، لە زارى بەرپرسانى باڵاى ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، موجتەبا بازنەى دەورى زۆر بچووک کردووەتەوە و ژمارەیەکى زۆر سنووردار لە بەرپرسانى باڵا، لە پەیوەندى بەردەوامدان لەگەڵیدا، بڵاونەکردنەوەى هەر وردەکارییەک لە بارەیەوە، پەرۆشییە بۆ دزەنەکردنى هەر زانیارییەک، کە لەوانەیە ببێتە هۆى بە ئامانجگرتنى لەلایەن ئەمریکاوە.

دۆخى موجتەبا چۆنە؟

کەسایەتییەکى نزیک لە بازنەى دەورى موجتەبا ئاشکرایکردووە، تەندروستیی ڕێبەر باشبوونێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، خاوەنى داناییەکى زۆرە و بڕیاردەرى وڵاتە.

بۆچوونى بەرپرسانى باڵاى ناوخۆى ئێران

هەروەها مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران، ڕۆژى 10ـى ئەم مانگە ڕایگەیاند، بۆ ماوەى حەوت کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەرى باڵا کۆبووەتەوە، لەماوەى ڕابردووشدا وێنەیەکى موجتەبا لەگەڵ چەند کەسێک بڵاوکرایەوە، بەڵام هەموو ئەمانە بەس نیین بۆ دڵنیابوونەوەى لایەنگرانى.

ئێران چۆن لەسەر پێى خۆى وەستاوە؟

ئێران شەش مانگە لە بەرامبەر جەنگى گەورەترین زلهێزى جیهان وەستاوە، سەربارى داڕووخانى ژێرخان و ئابوورییەکەى، بەڵام هێشتا بە پێوە وەستاوە و پارێزگارى لە سیستمە سیاسییەکەى کردووە، هێشتا سوپاکەى تواناى هەیە هەناردەى وزە بۆ بازاڕەکانى جیهان پەکبخات و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.

هەروەها دامەزراوەى ئایینى دەسەڵاتدار، سەلماندى تواناى هەیە لە نەبوونى ڕێبەریشدا کارەکانى بکات و سەرکردە سەربازییەکان خۆڕاگربن.

بەڵام ئابووریی ئێران، لە ژێر فشارى خەرجییەکانى جەنگ و گەمارۆى سەپێنراو بەسەر هەناردەى نەوت دەناڵێنێت، ئەوەش وایکردووە بەهاى دراوەکەى هەرەسبهێنێت، ئەوەش جارێکى دیکە ترسى سەرهەڵدانى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانى لێدەکرێت.

هەموو ڕێگەکان دەچنەوە بەردەم موجتەبا

بە گوتەى ئەلیکس فاتانکا، لە پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە واشنتن، هەر ڕێککەوتنێکى ڕاستەقینە لەگەڵ ئەمریکا پێویستى بە ڕەزامەندی ڕوون و بێ پەردەى موجتەبا هەیە، لە هەمانکاتیشدا بڕیارى بەردەوامیدان لە ململانێیەکى درێژ و پڕ خەرجى لەگەڵ ئەمریکا، هەر پێویستى بە رەزامەندى موجتەبایە.

گوتیشى، دیارنەبوونى ڕێبەرى باڵاى ئێران بۆ ماوەیەکى زۆر، دۆخێکى مەترسیدارى بۆ هێزە ڕکابەرەکان دروستکردووە، کە نەتوانن بڵێن ڕێبەرى باڵا بە ڕاستى چى دەوێت.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

ڕۆژنامەیەکی ئێرانی هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات

پزیشکیان: پەیوەندیکردن بە موجتەبا خامنەییەوە زۆر سەختە

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا