بەرپرسێکى وەزارەتى کارەباى عێراق بەتۆمەتى گەندەڵى سزادرا
پووختەى هەواڵەکە
- دادگاى ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەى تاوانەکانى گەندەڵى، سزاى سێ ساڵ زیندانى توندى بەسەر بەڕێوەبەرى بەشى کاروبارى دارایی لە کۆمپانیاى دابەشکردنى کارەباى ناوەڕاست سەپاند.
- پابەندی کرد بە گەڕاندنەوەى ملیارێک و 170 ملیۆن دینار و 203 هەزار دۆلار کە بەهاى ئەو سامانەیە بە ناڕەوا بەدەستیهێناوە.
ئەمڕۆ هەینى، 28ـى ئابى 2026، زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8، دادگاى ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەى تاوانەکانى گەندەڵى، سزاى سێ ساڵ زیندانى توندى بەسەر مەحموود عەبدوڵا فەرحان، بەڕێوەبەرى بەشى کاروبارى دارایی لە کۆمپانیاى دابەشکردنى کارەباى ناوەڕاست سەپاند، کە مانگى حوزەیرانى ڕابردوو لەسەر دۆسیەى گەندەڵى و ساختەکاریى دارایی گەورە دەستگیر کرا.
بڕیارەکانى دیکەى دادگا
- دادگا جگە لە سزاى زیندانى توند، پێبژاردنى بە بڕى ملیارێک و 170 ملیۆن و 450 هەزار دینار و 203 هەزار دۆلاری بەسەردا سەپاند، کە بەهاى ئەو سامانەیە بە ناڕاوە بەدەستیهێناوە.
- دادگا بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنى پشکى تۆمارکراو بە ناوى هاوسەرى تۆمەتبار لە باڵەخانە و شوقەیەک کە دەکەونە ناوچەکانى داودى و کەڕادە مریەم لە بەغداد.
- نرخەکەشیان بە یەک ملیار و 100 ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.
- دادگا بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنى دوو ئۆتۆمبێلى جۆرى ڕانجڕۆڤەر و تویۆتا لاندکروز.
- نرخەکەیان دەگاتە 203 هەزار دۆلار.
- بە گوێرەى بڕیارى دادوەر، دەستیان بەسەردا گیراوە و خراونەتە ژێر ڕکێفى دەستەى دەستپاکى.
دادگاى ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەى تاوانەکانى گەندەڵى، بڕیاریشداوە، سزادراو دواى تەواوبوونى ماوەى سزاکەشى ئازادنەکرێت، تاوەکو بڕى ئەو پێبژاردنە داراییە دەگەڕێنێتەوە کە بەسەریدا سەپێنراوە، ماڵ و موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانیش دەستیان بەسەرداگیرا، مافیش درا بە دەستەى دەستپاکى داواى قەرەبوو بکات، دواى ئەوەى بڕیارى دادگا دەگاتە پلەى کۆتایی.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
دەستەى دەستپاکى: هەڵمەتى گەورەتر لە عێراق بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵى بەڕێوەیە
سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی هەرێمى کوردستان: هەماهەنگیى بۆ دەستگیرکردنى داواکراوانى گەندەڵى هەیە
پەرلەمانتارێکى پێشووی عێراق بەتۆمەتى گەندەڵى سێ ساڵ بەند کرا
39 خولەک پێش ئێستا