بەگوێرەی ڤیدیۆیەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، سەفا موستەفای و چەند باخدارێکی دیکەی گوندی گراڵی پاوە ئاماژە بەوە دەکەن، بارانی ئەمساڵ بووەتە هۆی زیادبوونی بڕی بەرهەمی هەنجیر و بەهۆی بەکارنەهێنانی دەرمانی کیمایی، بەرهەمێکی تەندروست و کوالیتی بەرز بۆ بازاڕەکان دابینکراوە.
باخداران نوقرە موستەفای و سوعدا ئەحمەدی باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بەپیتی خاکەکەیانەوە، بەرهەمەکانیان لای کڕیاران پەسەندە. ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری پاوە وای کردووە میوەکانی وەک هەنجیر، هەنار، ترێ و گوێز لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ناوبانگ بن و کوالیتییەکی بەرزیان هەبێت.
شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکان بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە جۆراوجۆرەکان دادەنرێت و وەک نیشتمانی میوەکان دەناسرێت. خاکە بەپیتەکەی ئەم شارە وای کردووە ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی چەندین جۆر میوەی وەک هەنجیر و هەنار، کە بەهۆی سروشتیبوونیانەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە. گوندی گراڵیش وەک یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی هەنجیر، ساڵانە بڕێکی زۆر لەم میوەیە ڕەوانەی بازاڕەکان دەکات و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بژێویی دانیشتوانی ناوچەکە هەبووە.
کاتی پێگەیشتنی هەنجیرە میوە دڵخوازەکەی وەرزی هاوین لە ناو بازاڕەکانی سلێمانی
تووی دووریسانی شاری پاوە ناوبانگی زۆری لە تام و کوالێتی هەیە
