
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، پەری نووری عەزیز، ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەندامی تیمی نیشتمانیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتی، قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە بووەتە ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە و ڕایکردنی مامەڵەکان.
پێگەی تەلشێخییە لە بیابانی سەماوە 10 گۆڕی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت کە تاوەکو ئێستا تەنیا 3 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و 7 گۆڕی دیکەیان ماون. تیمی نیشتمانی لە بەرنامەیدایە ئەگەر بودجەی بۆ دابینبکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی دەستپێبکاتەوە و دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕی چوارەم و هەڵگرتنەوەی ئەو ئێسک و پروسکانە بکات کە لە دەوروبەری قەڵای نووگرەسەلمان دەرکەوتوون.
لە پێگەی تەلشێخییە سێ گۆڕی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵدراونەتەوە، کە یەکەمیان 115 ڕووفات و دووەمیان 172 ڕووفاتی تێدابووە. گۆڕی سێیەمیش لە سەرەتای ساڵی 2025 هەڵدراوەتەوە و 153 ڕووفاتی تێدابوو کە ئێستا لە پزیشکی دادیی بەغداد ماونەتەوە. سەرۆککۆماری عێراق داوای کردووە ئەو ڕووفاتانە وەربگیرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەستراوەتەوە بە تەرخانکردنی بودجەی پێویست و چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی تیمی نیشتمانیی هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
بەشێک لە کەسوکارى ئەنفالکراوان سەردانى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى سەماوەیان کرد
ژمارەیەک لە کەسوکارى ئەنفالکراوان لە پارێزگاى سەماوەن
تاوەکو ئێستا 93 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە