دوای نزیکەى 35 ساڵ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ڕاگەیێنرا

ئارام قەرەداغی 38 خولەک پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە
لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

پووختەی هەواڵەکە

  • ئێوارەی 10ـی ئەیلول، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە هەوڵی هاوپەیمانان ڕاگەیاند.
  • ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022ـی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان جێبەجێکرا.
  • بڕیاری یەکخستنەوە لە کاتێکدایە کە سێ ساڵ بەسەر تەمەنی یاسایی کابینەی نۆیەم تێپەڕیوە و بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە کابینەی دەیەم پێک نەهێنراوە.

ئێوارەی 10ـی ئەیلول، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە دوای نزیکەی 35 ساڵ لە دامەزراندنی حکومەت، بە هەوڵی هاوپەیمانان و یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەرێم و ئەمریکا، هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوەتی یەکخرانەوە.


وێستگە سەرەکییەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

  • لەگەڵ دامەزراندنی کابینەی یەکەم لە پێناو بەنیشتمانیکردنی پێشمەرگە هەوڵەکان دەستیپێکرد، بەڵام سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ هێزەکەی لەتکرد و جیاوازییەکانی زەقکردەوە.
  • پاش ڕێککەوتنی ستراتیجی و پێکهێنانی کابینەی یەکگرتووی ساڵی 2005، هەنگاوەکان دەستیانپێکردەوە و لە ساڵی 2009 هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی هەولێر و سلێمانی یەکخرانەوە.
  • هێرشی چەکدارانی داعش بووە هاندەرێک بۆ یەکگرتنی سەنگەرەکان و بە هاوکاریی ڕاهێنەرانی هاوپەیمانان، لیوا هاوبەشەکان لەژێر چەتری وەزارەت پێکهێنران.
  • ڕووداوەکانی ساڵی 2017 لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، جارێکی دیکە هێزەکانی لەیەک دوورخستەوە و بێمتمانەیی لایەنە سیاسییەکان لەنێو پێشمەرگەشدا ڕەنگی دایەوە.

ڕۆڵی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و ئەمریکا

سەرەڕای پاشەکشەی پرۆسەکە لە ساڵانی ڕابردوودا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی هێزەکان بەردەوام بوو، تاوەکو لە ساڵی 2022 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی تواناسەربازییەکان واژۆکرا، کە دوای چوار ساڵ لەو هەنگاوە، ئێوارەی 10ـی ئەیلول بە فەرمی وادەی یەکخستنەوەی تەواوەتی ڕاگەیێندرا.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

ڕاگەیاندنی وادەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر تەمەنی یاسایی کابینەی نۆیەم تێپەڕیوە و نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانەوە، تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک نەهێنراوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

وەزیری پێشمەرگە سەرکەوتنى پرۆسەى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى ڕاگەیاند

وەزیرى پێشمەرگە: لە دوا قۆناغى پرۆسەى یەکخستنەوەى پێشمەرگەداین

ئارام قەرەداغی

38 خولەک پێش ئێستا