
وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، ڕێکاری نوێی ڕەفتاری پیشەیی نێوان مامۆستا و خوێندکارى بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەموو پەیوەندیەکى سۆزدارى و هاوسەرگیرى لە نێوان خوێندکار و مامۆستا قەدەغەیە.
بەگوێرەى ڕێکارەکانى وەزارەتەکە، نابێت جیاوازى لە نێوان خوێندکاران لەسەر بنەماى جیاوازى ئایینى، نەتەوەى، ڕەگەزى، ئینتیماى سیاسیى، زمان و کولتوور، دۆخى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و شێوە و ڕووخسار، لەسەرجەم قۆناغەکانى پرۆسەى خوێندن بکرێت و بەپێویستیشى دەزانێت، بەشێوەیەکى دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خوێندکار بکرێت.
وەزارەتەکە دەشڵێت، نابێت زمانى هەڕەشە و توندوتیژیی و قسەى نەشیاو و بریندارکەر بەرامبەر خوێندکار بەکاربهێنرێت.
هەروەها، نابێت هەوڵبدرێت پەیوەندى کەسى و سۆزدارى لەگەڵ خوێندکار دروستبکرێت و دوورکەوتنەوە لە درووستکردنى هەموو جۆرە پەیوەندیەکى سۆزدارى و هاوسەرگیرى لەگەڵ خوێندکاران بە هەموو ئاستەکانیەوە، وانەوتنەوە، هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتیکردن.
بەگوێرەى ڕێنماییەکە، ئەگەر مامۆستا پرۆسەى هاوسەرگیرى لەگەڵ خوێندکار ئەنجامبدات لە ماوەى خوێندندا، پێویستە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەى بەش و کۆلێژ و مافى وانەوتنەوەى لەو بەشە نامێنێت.
هەروەها، هەراسانکردنى سێکسى بەرامبەر خوێندکار بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان مامۆستا و خوێندکار دەبێت لەچوارچێوەى ڕێگا فەرمییەکانى زانکۆ بێت و ڕێگە پێدراویش نییە مامۆستا دیارى لە خوێندکار وەربگرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە پێناو پیشەییبوون و لایەنگرینەکردن لە پرسە زانستییەکاندا، نابێت مامۆستا لە پۆلێک یان قۆناغێک وانەبڵێتەوە ئەگەر پەیوەندى هاوسەرگیرى یان خزمایەتى تاوەکو پلە چوارى لەگەڵ خوێندکار هەبێت، ناشبێت دوو مامۆستا ببنە ئەندامى یەک لیژنە ئەگەر پەیوەندى هاوسەرگیرى یان خزمایەتى لە نێوانیاندا هەبوو.
بەگوێرەى ڕێکاری نوێی ڕەفتاری پیشەیی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەمەودوا ئەگەر مامۆستای زانکۆ خوێندکارێکی هەراسانی سێکسی بکات، هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری و هاوسەرگیری لەگەڵ بدات، یان بە پێچەوانەوە، ئەگەر خوێندکار ئەو هەوڵانە بدات، ئەوا وەکو تاوان هەژمار دەکرێت و جگە لە دەرکردنیان، کەیسەکەیان ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی ڕاگەیاند
وەزارەتی خوێندنی باڵا: وادەی مانەوەی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران تاوەکو دوای جەژن درێژکرایەوە