قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتە 6 ملیار دۆلار

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە هەناردەی کاڵای تورکیا لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە
دیمەنێک لە هەناردەی کاڵای تورکیا لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە

پووختەی هەواڵەکە:

  • لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتووەتە 6 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار.
  • بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، هەناردەی کاڵای تورکی بۆ عێراق بە رێژەی 7.8% کەمیکردووە.
  • ئەڵمانیا و ئەمریکا و بەریتانیا لە ریزبەندی یەکەم تاوەکو سێیەمی هاوردەکارانی کاڵای تورکیدان.
  • لە مانگی تەمموزدا هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتووەتە 1.11 ملیار دۆلار و عێراق چووەتە پلەی چوارەم.

سەرەڕای دابەزینی ئاستی هەناردە بەراورد بە پار، بەغداد هێشتا وەک حەوتەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی تورکیا لە جیهاندا ماوەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی هەناردەی ئەنقەرە بۆ عێراق لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هاوکات لە مانگی تەمموزدا خواست لەسەر کاڵای تورکی لە بازاڕەکانی عێراقدا بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.


ریزبەندیی جیهانیی هاوردەکارانی کاڵای تورکیا

  • ئەڵمانیا بە هاوردەکردنی 13 ملیار و 290 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکیادایە.
  • ئەمریکا بە 10 ملیار و 160 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم، بەریتانیا بە 9 ملیار و 430 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم، و ئیتاڵیا بە 8 ملیار و 350 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەمدایە.
  • هەریەکە لە فەڕەنسا بە 6 ملیار و 640 ملیۆن دۆلار و ئیسپانیا بە 6 ملیار و 440 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی ریزبەندییەکەدان.
  • کۆی هەناردەی تورکیا لە 7 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 161 ملیار و 540 ملیۆن دۆلار، بە بەرزبوونەوەی 3.4% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کە 156 ملیار و 260 ملیۆن دۆلار بووە.

ئاستی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عێراق

عێراق بە بەهای 6 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار لە پلەی حەوتەمی هاوردەکارانی تورکیادایە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا 6 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش دابەزین بە رێژەی 7.8% پێشاندەدات. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی مانگانە، لە مانگی تەمموزدا هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بە رێژەی 15.5% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 1 ملیار و 110 ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە هەمان مانگی پاردا 963 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، بەم پێیەش عێراق تەنیا لە مانگی تەمموزدا چووەتە پلەی چوارەمی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکار لە تورکیا.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە 9.3 ملیار دۆلار

پاشەکشەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا