
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی 70 کۆبووەوە، پاراستنی سنوورەکان، بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، یەکێکبووە لەو تەوەرانەی قسەیان لەبارەوە کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، فەریق ڕوکن، عومەر ساڵح، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دەڤەری دوو لەگەڵ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوە، گرنگیی ڕۆڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، هەوڵەکان بۆ پشتیوانی لە دیالۆگ و چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو تاوتوێکراون.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی 70، ئامادەیی تەواوی بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق دەربڕیوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەلامەتیی خەڵک لە ناوچەکە.
جەختیشکراوەتەوە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە لە پێشینەی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانی هێزی پێشمەرگە بووە و هێزی پێشمەرگە بەردەوام پابەند دەبێت بە ئەرکە نیشتیمانییەکانییەوە.
هاوکات، پرسی بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق لەلایەن لیوا هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
فەرماندەى هێزەکانى 70: داوامانکردووە هێزەکانمان بخرێنە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە