
پاشەکشەی بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامیی هەیە و لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی تاران و هەرێمی کوردستان 25 ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا مەترسیی هێرشی سەربازی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بازاڕی دراویان لەو وڵاتەدا شڵەژاندووە.
دابەزینی بەهای تمەن پەیوەستە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە گەڕانەوە بۆ بژاردەی هێرشی سەربازی دژ بە تاران بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ هاوکات سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و دۆخی نادیاری ئابووری وایکردووە هاووڵاتییانی ئێران بۆ پاراستنی سامانی ڕۆژانەیان لە هەڵئاوسان، بە لێشاو پەنا بۆ کڕینی زێڕ، دۆلار و یۆرۆ ببەن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک گوشاری زیاتری لەسەر کەمبوونەوەی بەهای دراوی نیشتمانی دروستکردووە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دراوی ئێرانی زنجیرەیەک پاشەکشەی تۆمارکردووە و لە خوار 22 ملیۆن تمەنەوە بۆ سەروو 25 ملیۆن تمەن بۆ هەر 100 دۆلارێک بەرزبووەتەوە؛ شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی دۆخی ناسەقامگیری و سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێران، سەرچاوەی سەرەکیی کەمبوونەوەی دراوی بیانییە لە بانکەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا.