ڕۆتیناتى کابینەى نۆیەم بەڵێندەرانى پەرێشان کردووە

ڕۆتیناتى کابینەى نۆیەم بەڵێندەرانى پەرێشان کردووە

00:00/00:00

پووختەى هەواڵ

  • بەڵێندەرانی سلێمانی و دەوروبەری 150 ملیار دیناریان لای حکومەتە و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە داوای نەکەن.

  • زیاتر لە 200 پڕۆژەی پترۆدۆلار لە سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە ڕاگیراون.

  • بەڵێننامەی سەردەمی شەڕی داعش ڕێگرە لە وەرگرتنەوەی 150 ملیار دیناری بەڵێندەرانی سنووری سلێمانی.


بەڵێندەرانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، 150 ملیار دیناریان لای حکومەتە و بەشێکیان بەڵێننامەی یاساییان پێ پڕکراوەتەوە تاوەکو دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش نەبێت، داوای پارە نەکەنەوە.


ژین عەبدوڵا، گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بۆ کەناڵ8:

  • لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 ملیار دینارمان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

  • چەکی بانکیمان وەرگرتووە، شەش مانگی بەسەردا بچێت چەکەکە بەسەردەچێت.

  • پێویست بوو فەرمانگەکە چەکێکی دیکە بۆ بەڵێندەرەکە بکات، فەرمانگەکانیش چەکی نوێیان بۆ بەڵێندەران نەکرد.

پڕکردنەوەی بەڵێننامە

ژین عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەڵێننامەیەکی یاسایی بە بەڵێندەران پڕکردووەتەوە، کە تاوەکو شەڕی داعش نامێنێت و قەیرانی دارایی کۆتایی دێت، داوای پارە نەکەن، شەڕی داعش لە 2017ـەوە نەماوە.

گوتیشی: "بەڵام تێگەیشتنی هەڵە بۆ بەڵێننامەی بەڵێندەران بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان دروستکراوە".

ڕۆتیناتی دیکە لە زاری گوتەبێژی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستانەوە:

  • ماوەیەک بۆ کاری پڕۆژەی نوێ بەشێک لە سولفەی پڕۆژەکەیان خەرج دەکرد.

  • ئەگەر خەرجیی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دینار بووایە، 50 ملیۆن دیناریان خەرج دەکرد.

  • ئێستا بۆ پڕۆژەی نوێش پارەی بەڵێندەران خەرج ناکرێت.

ئەگەر حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بیەوێت کارکردن لە پڕۆژە وەستاوەکان و ئەو پڕۆژانەی دیکە دەستپێبکرێتەوە، پێویستە پارەی بەڵێندەران بە خشتەیەکی دیاریکراو خەرج بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، 206 پڕۆژە لەسەر پارەی پترۆدۆلار لە ساڵی 2014ـەوە ڕاگیراون و زیاتر لە %95ـی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕینن و 100 کۆمپانیاش داوایان کردبوو شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەوەی ڕاگەیاندبوو، حکومەتی کاربەڕێکەر بڕیاریداوە ئەم پڕۆژانە لە بودجەی پترۆدۆلارەوە بگوازێتەوە سەر خەرجیی وەزارەتەکان و ئەمساڵ تەرخانی دارایی بۆ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان نەکراوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

بانێک و دوو هەوا؛ لە بەغداد دژی مەرکەزی و لە هەولێر پیادەکردنی مەرکەزییەت

بەڕوو لە سییەکانى سلێمانى دەچێنرێت

نەبوونى لامەرکەزییەت کێشە گەورەکەى تاکەکان و حکومەتە خۆجێیەکانى پارێزگاکان

Loading related news...