لە کۆبوونەوەکەی ژنە سیاسییەکانى کورد لە سلێمانی باسى چى کرا؟

لە کۆبوونەوەکەی ژنە سیاسییەکانى کورد لە سلێمانی باسى چى کرا؟

00:00/00:00

پووختەى هەواڵ

  • نوێنەرانی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستانن و بۆ یەکدەنگیی ژنانی کورد لە سلێمانی کۆبوونەوە.

  • کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ژنان نەبوو.

  • هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی دید و بەهێزکردنی یەکڕیزیی ژنانی کورد لە ئاستێکی نەتەوەییدا.


پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد کۆبوونەوەکەی ڕێکخست، بۆ ئەوەی لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوچەکە، کێشە و پرسەکانی ژنان و چۆنیەتیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان گفتوگۆ بکرێت.


شێنێ محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری پلاتفۆرمی یەکێتیی ژنی کورد:

  • سلێمانی و باشووری کوردستان هەمیشە ماڵی هەر کوردێکە لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان بێت.

  • دەتوانین بڵێین ئەوان ئەمڕۆ لێرە لە ماڵی خۆیانن نەک ئەوەی میوان بن.

  • هەست دەکەم لێرە دەرفەتەکە گونجاوترە بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیە لە ڕووی سیاسییەوە.

ئیلهام ئەحمەد – سیاسەتمەدار:

  • کاتێک باسی ئاشتی دەکرێت، کاتێک باسی چارەسەری و دیموکراتیزەبوون دەکرێت، لەم بوارەدا ڕۆڵی ژنان زیاتر دەردەکەوێت.

  • خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لە هەر کوێیەک بژین، واتە هاوفکربوون لە نێوان ژناندا زۆر گرنگە و گفتوگۆی زۆر تایبەتیش دەربارەی چارەنووسی ژنان هەیە.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەستنی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنی کورد، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ببەسترێت و ببێتە دەرفەتێک بۆ دیاریکردنی ئاراستە و هەنگاوە هاوبەشەکانی ژنانی کورد و ئەرک و ڕۆڵیان لە قۆناغی ئێستادا.

گویلجان کاچماس – پەرلەمانتاری پارتی دەم:

  • هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە.

  • خەباتی هەر پارچەیەک جیاوازە، بەڵام چەندەش پارچەکانمان تایبەتمەندیی جیاوازیان هەبێت، ڕۆحی یەکێتی کاتێک ئەم خەباتە بەرەو پێش دەبات، هەموو پارچەکانمان دەتوانن مافەکانی خۆیان زیاتر و زووتر مسۆگەر بکەن.

  • ئێمەش وەک پلاتفۆرمی ژنانی کورد دەمانەوێت کە چۆن پێشەنگیی خەباتی کۆمەڵایەتی، زیاتر بە پێشەنگیی ژنان بەڕێوەبچێت.

ڕۆزەرین کەمانگەر – بەرپرسی پەیوەندییەکانی کەژار:

  • ئێمە هەر کاممان سەر بە فکر و ئایدیۆلۆژیایەک دەبین، سەر بە لایەنێک دەبین، بەڵام هیچ شتێک لەو جیاوازییانە ناتوانێت پێش بە یەکێتیی نەتەوەیی بگرێت.

  • داخوازییەکە ئەوەیە؛ ژنان پرسی ئازادیی ژن، پرسی دیموکراسی و ئازادیی نەتەوە بخەنە پێش پرسی جیاوازیی حیزبی.

کۆبوونەوەی نوێنەرانی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە سلێمانی، جارێکی دیکە پرسی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی ژنی کورد دەخاتەڕوو؛ بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە ئەم گفتوگۆیانە تاوەکو چەند دەتوانن ببنە بڕیار و هەنگاوی کردەیی، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەستنی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنی کوردەوە.

Loading related news...