سەرۆکى میت نهێنییەکانی پڕۆسەی ئاشتی و ڕۆڵى سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات

کاڵن دەستپێکردنەوەى جەنگى ئەمریکا و ئێران بە ئەگەرێکى بەهێز دەزانێت
کاڵن دەستپێکردنەوەى جەنگى ئەمریکا و ئێران بە ئەگەرێکى بەهێز دەزانێت

پووختەى هەواڵ

  • یەکەمجارە بەرپرسێکى تورکیا هێندە بە ڕاشکاوى لەبارەى پڕۆسەى ئاشتى و دۆخى ناوچەکەوە قسە بکات.

  • ئیبراهیم کاڵن دەستەواژەى "کێشە" بۆ دۆزى کورد بەکاردەهێنێت و داوا دەکات لە عێراق، سووریا و ئێرانیش پڕۆسەى بە دیموکراتیزەکردن جێبەجێ بکرێت.

  • سەرکردەکانى قەندیل چەندینجار ڕەخنەیان لە خاو بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە گرتووە، کاڵن دەڵێت لە نیگەرانییەکان تێدەگەن.

  • کاڵن سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان بە "برا" ناو دەبات و ستایشى ڕۆڵەکەیان دەکات.


ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا "میت" لە میانەی بەشداریکردن لە پانێڵێک لە کۆنفرانسی "گەڕان بەدوای پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی هەرێمیی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" باسی لە پڕۆسەی ئاشتی، دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا کرد.


زمانێکى دۆستانە لە ئیبراهیم کاڵنەوە

  • سەرکردەکانی یەکێتی، پارتی و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بە "برا" ناوبرد.

گوتیشى "ئەو سەرکردانە بە درێژایی پڕۆسەکە زۆر هاوکاربوون و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا ڕۆڵی گەورەتر دەبینن".

چارەنووسى سەرکردەکانى پەکەکە لە زارى کاڵنەوە:

  • سەرکردە و بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە بۆ ماوەیەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.

  • ئەگەر ئەو مانەوەیە لە چوارچێوەی ئەو پێکهاتنەدا بێت لەسەری ڕێککەوتوون، هیچ کێشەیەک دروستنابێت.

  • نابێت پرسی کورد لە پڕۆسەی چەکداناندا کورتبکرێتەوە و پێویستە گفتوگۆ لەبارەی ئەو کێشانە بکرێت، کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی پرسی کورد لە تورکیا.

  • ئامادەکاری کراوە بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.

  • هاوکات پلانمان هەیە یاسای نوێ سەبارەت بەو ئەندامانەی پەکەکە دەربکرێت، کە بێبەش دەبن لەو یاسایەی 10ـی ئابی ئەمساڵ پەسەند کرا.

  • پڕۆسەکە دوو کۆڵەکەی هەیە کە چەکدانان و دیموکراتیزەکردنە و فەرامۆشکردنی هەر یەکێکیان، پڕۆسەکە بێئەنجام دەکات.

  • کێشەی کورد تەنیا لە تورکیا نییە و پێویستە لە ئێران، سووریا و عێراقیش پرۆسەی دیموکراتیزەکردن دەستپێبکات.

بۆچى پڕۆسەکە خاوە؟

سەبارەت بە خاو بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە کاڵن دەڵێت، دەکرێت هەنگاوی گەورە بنرێت، بەڵام ڕەنگە مەترسی هەبێت، بۆیە هەندێک جار بەرەوپێشچوون بە هەنگاوی ورد و وریایانە بەدیدێت.

ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا و پەکەکە کە دوو لایەنی پڕۆسەکەن، ناکرێت چاوەڕێی هەنگاوی یەکدی بن، بەڵکو پێکەوە بەرەو یەک ئامانج دەڕۆن کە سەرخستنی پڕۆسەکەیە.

لە بارەى نیگەرانیی بەشێک لە سەرکردەکانی پەکەکە لەبارەی پڕۆسەکە و داهاتووی خۆیان کە یاساکە نایانگرێتەوە کاڵن دەڵێت، لەو نیگەرانییانە تێدەگەن و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، هەوڵ دەدەن قسەیان لەسەر بکەن و چارەسەریان بکەن.

ئەگەریى بەهێزى دەستپێکردنەوەى جەنگ

کاڵن باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ ڕێگریکردن لە هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران کرد و گوتی، ئەگەر لە چەند ڕۆژێکی کەمدا ڕێککەوتنێک نەبێت، ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر بەرزە.

  • کاڵن: ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، دەکرێت لە ڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کێشە دروستبکات.

  • کاڵن: گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، ببنە ئامانج.

کاڵن ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا ئەنجامیان داوە، باسیان لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایگەیاند، دەکرێت زانیارییەکانی پەیوەست بە هەڕەشە ئەمنییەکان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا، عێراق یان بەرپرسانی کورد هاوبەشییان پێبکرێن.

هەڵسەنگاندنى کالن بۆ دۆخى کورد لە سووریا:

بە بۆچوونى کاڵن، ئەو بڕیارنامەیەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەریکرد، مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد مسۆگەر دەکات.

کاڵن ئاماژەی بە سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگری، نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار و ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمان کرد و گوتی، بەشداریکردنی کورد لە دامەزراوە سیاسی و کارگێڕییەکانی سووریا، گرنگییەکی زۆری هەیە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ئەردۆغان: پڕۆسەکە بەردەوامە و قۆناغ بە قۆناغ ئەشکەوتەکان چۆڵ دەکرێن

دەمیرتاش: ئۆجەلان درکی بەوەکردووە کاتی خەباتی چەکداریی نەماوە

Loading related news...