لە لافاوەکەى شەممە لەسەر یەکشەممەوە لە هەندێک گەڕەک ژیان ئاسایى نەبووەتەوە.
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە ماڵى کەسوکاریان دەمێننەوە و ماڵەکانى خۆیان کەڵکى ژیانیان تێدا نەماوە.
لە ساتى لافاوەکەى هەولێرەوە، پەیامنێرانى کەناڵ8 لەگەڵ هاونیشتمانییاندان، ڕۆژانە چەندین چیرۆکى زیانلێکەوتووانى دەگوازنەوە، پەیامنێرمان ئەیوب وەرتى چووە گەڕەکى کانیاو و لە ڕاپۆرتەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشت کەم ماڵ هەیە بەبێ زیان دەرچوو بێت.
شیرین کازم، باسی ساتی ململانێی مەرگ و ژیانى کردو لەو کاتەدا لافاو دەچێتە ماڵەکەى و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ژیانى خێزانەکەى.
لەوکاتەدا شیرین ژیانى خۆى دەخاتە مەترسییەوە بۆ ڕزگارکردنى منداڵەکانى.
ڕووداوەکە ئەوەندە سەخت بووە لەکاتی گێڕانەوەیدا جاروبار گریان یەخەی پێدەگرێت و قسەکانی پێ دەبڕێت.
کەم هاونیشتیمانی هەیە، هەم ماڵ و هەم ئۆتۆمبێلەکەی تیانەچوو بێت.
زیانلێکەوتووان سەرەڕای خەمى لەدەستدانى ماڵەکانیان نیگەرانی ئەوەشن کە تائێستا لایەنەپەیوەندیدارەکان بەدەمیانەوە نەهاتوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، لە لافاوەکەی 4ـی مانگ زیاتر لە 500 ماڵ، هەزار ئۆتۆمبێل و 600 دوکان و شوێنی بازرگانیی زیانیان بەرکەتووە.
لە لافاوەکەى هەولێر زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە