
سکاڵاکە لەلایەن بەربژێرێکى دەرچووى کۆمەڵى دادگەرى تۆمارکرا بوو.
سکاڵاى دیکە لەبارەى دانیشتنى پەرلەمان و حکومەتى کاربەڕێکەرى پارتییەوە ماون.
کاردانەوەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە بەبێ سازان بەردەوامە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سکاڵاى بەربژێرێکى دەرچووى کۆمەڵى دادگەرى ڕەتکردەوە، کە پێشتر داوای دەرکردنی بڕیاری نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد بوو.
ئهمڕۆ چوارشهممه دانیشتنی دادگا بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرە ئەندامەکان کرا.
تاوتوێی داواکاریی دەرکردنی فەرمانی سالاری کرد سەبارەت بە سکاڵای ژمارە (264/فیدراڵی/فەرمانی سالاری/2026) لە ڕێکەوتی 15ـی 11ـی 2026.
سکاڵاکە داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی لێکەوتە و ڕێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی دەکرد کە لە 4ـی 11 بەڕێوەچووە.
دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیاریداوه داواکاریی دەرکردنی فەرمانی سالاری ڕەتبکاتەوە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی دەرکردنی، بڕیارەکەش بەگوێرەی ماددەی 94ـی دەستوور بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرە.
ئەم سکاڵایەى بەربژێرە دەرچووەکەى کۆمەڵ ژمارە 211 بووەو جیاوازە لە سکاڵاکانى 212 و 233ـى فیدڕاڵى 2026، کە پەیوەستن بە داواکاریی دەرکردنی بڕیاری کۆتاییهاتنی ویلایەتی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەژمارکردنی وەک حکومەتی کاربەڕێکەر.
لە دانیشتنی ڕێکەوتی 26ـى تشرینى یەکەم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە دواخستنی دادبینیەکە بۆ ڕێکەوتی 14ـى کانوونى یەکەمى 2026.
بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، سێ سکاڵا لە یەک دۆسییەدا یەکخراون کە لە لەلایەن سکاڵاکار ڕێبوار ئەوڕەحمان تۆمار کراوە و هەریەک لە (نەوزاد لەتیف ڕۆستەم) و (یوسف حەمید سەعید) وەک کەسی سێیەم چوونەتە پاڵی.
سکاڵای یەکخراو212/فیدراڵی 2026 لەلایەن عەلی حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و سکاڵاى 233 لەلایەن ئەکبەر غەریب ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر مەسروور سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەرى پارتى تۆمارکراوە.
دادگای فیدڕاڵی دەرکردنی فەرمانی سالاری لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێ ڕەتکردەوە
شاسوار عەبدولواحید: دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ 3ـى 11 و سێ بژاردە لە ئارادان
