ئەمڕۆ لە دهۆک و ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەش لە هەولێر و سلێمانی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

پارەی گەنمی جووتیاران
پارەی گەنمی جووتیاران

پووختەی هەواڵەکە

  • نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دهۆک 19.8 ملیار دینارى گەنمى جووتیاران دابەش دەکرێت.

  • نەوزاد شێخ کامیل دەشڵێت، ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە پارەى گەنمى جووتیارانى هەولێر و سلێمانى دابەش دەکرێت.

  • بەغداد 63.4 ملیار دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.

  • بازرگانیی سلێمانی: بەغداد بۆ یەک تۆن گەنمى پلەیەک 675 هەزار دینار خەرج دەکات.


وەزارەتى بازرگانیى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 ئاشکراى دەکات ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـى تشرینى یەکەم، لە دهۆک زیاتر لە 19 ملیار دینارى گەنمى جووتیاران دابەش دەکرێت، بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم هەفتەیەشدا جووتیارانى هەولێر و سلێمانیش پارەى گەنم وەربگرن کە ڕادەستى سایلۆکان کراوە.


شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

  • نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـى تشرینى یەکەم، لە دهۆک شایستەى دارایی گەنمى جووتیاران دابەشدەکرێت".

  • لەبارەى شایستە داراییەکانى هەولێر و سلێمانى، نەوزاد شێخ کامیل گوتى، ڕۆژانى دووشەممە و سێشەممە لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى شایستەى دارایی جووتیاران دابەش دەکرێت".

  • نازم محەممەد، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى و دانەویڵەى پارێزگاى دهۆک بە کەناڵ8ـى گوت" یەکشەممە لەگەڵ دەستپێکى دەوام دەست دەکەین بە خەرجکردنى بڕى 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار بۆ وەک قۆناغى دووەمى شایستەى جووتیاران.

  • وەزارەتى بازرگانیى عێراق گوژمەى دووەمى شایستە داراییەکانى جووتیارانى خەرج کردووە و پشکى هەرێمى کوردستان 63 ملیار و 402 ملیۆن دینار بووە، کە پارەى گەنمى ڕادەستکراوى وەرزى ساڵى 2026 بووە.

  • شایستەى دارایی جووتیارانی پارێزگاى سلێمانى 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار و پارێزگاى هەولێر 20 ملیار و 921 ملیۆن دینارە.

چەند گەنم ڕادەستکراوە؟

جووتیارانى هەرێمى کوردستان، بۆ ساڵى 2026 بڕى زیاتر لە 390 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستى بەغداد کردووە، کە 292 هەزار تۆنى لە چوارچێوەى پلان و هەر تۆنێک بە 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەى پلان، بۆ هەر تۆنێک 500 هەزار دینار تەرخانکراوە

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" بەغداد بۆ گەنمى پلە یەک کە لە چوارچێوەى پلاندا بووبێت، 675 هەزار دینار و بۆ گەنمى پلە دوو 650 هەزار دینار خەرج دەکات بۆ هەر تۆنێک ئەوى دیکەى وەک بنەتۆو دەبڕێت".

هەروەها ڕاشیگەیاند" بەغداد بۆ گەنمى پلە یەک لە دەرەوەى پلان 480 هەزار دینار و بۆ گەنمى پلە دوو 450 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک خەرج دەکات و ئەوى دیکەى وەک بنەتۆو دەبڕێت".

لەبارەى دابەشکردنى شایستە داراییەکان، جەختى لەوەکردەوە چەکى بانکیی جووتیاران لە بەغداد ڕاستاندنى بۆ دەکرێت و بڕیارە لەم رۆژانەدا بگەڕێتەوە و لەڕێگەى بانکى بابانەوە پارەى گەنمى جووتیاران دابەش دەکەن.

بە خەرجکردنى گوژمەى دووەمى شایستەى دارایی جووتیاران، بەغداد زیاتر لە 170 ملیار دیناری جووتیارانى هەرێمى کوردستان قەرزار دەبێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

نازم محەمەد: عێراق بڕی 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار وەک پشکی جووتیارانی دهۆک خەرجکردووە

Loading related news...