یەکتەندروستی!

چەمکی "یەکتەندروستی" هەوڵی ئاشناکردنەوەی مرۆڤ و ژینگە دەدات. فۆتۆ: gettyimages

د. سەروەر سالار چوچانی

تەندروستیی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە دەبێت بە یەک چاو تەماشا بکرێن

مرۆڤ بە خۆپەرستییەکەی و تەنیا خەمخواردنی خۆی، پشتی کردە ئاژەڵان، رووەکەکان و پێکهێنەرەکانی دیکەی ژینگە، ئەوەش هەر لەسەر ئەوان خراپ نەشکایەوە، بەڵکو بووەتە بەڵا بۆ خودی مرۆڤیش.

کاتێک مرۆڤ بۆ تێربوونی پێداویستییەکانی خۆی کەوتە قەڵاچۆکردنی ئاژەڵان و بەهەند وەرنەگرتنی نەخۆشییەکانیان، کاتێک بۆ دروستکردنی شارەکانی پەنای بردە بەر قەڵاچۆکردنی درەخت و رووەکەکان و پشتی کردە پاراستنیان لە نەخۆشی، ئیدی خودی مرۆڤیش کەوتە مەترسییەوە، نەخۆشیی زیاتر بڵاوبوونەوە و هەوای پیستر چووە سییەکانەوە و خواردەمەنیی زیانبەخشتر چووە جەستە.

وادیارە مرۆڤ دانی بە هەڵەکەی خۆیدا ناوە، ئەویش بە ناچاری، چونکە رێگەچارەی دیکەی نییە. بۆیە ئێستا بە چەمکی ''یەکتەندروستی'' هەوڵی ئاشتکردنەوەی هاوبەشە دێرینەکانی خۆی دەدات، دۆستەکانی دوێنێ و نامۆکانی ئێستا؛ ئاژەڵانی ماڵی و کێوی، رووەکەکان و تەنانەت وردە زیندەوەرەکانیش.

لە ژینگەدا، هەریەک لە پێکهاتەکان، تەنانەت بەکتریاکان و کەڕووەکانیش رۆڵ و کاریگەریی خۆیان هەیە، بۆیە قەڵاچۆکردنی هەر پێکهاتەیەکی ژینگە، هاوسەنگی و فرەیی دەشێوێنێ و خراپ لەسەر هەمووان دەکەوێت.

کاتێک تۆ رووەکەکانت نەخۆش و زیانبەخش بن، یان ئاژەڵەکانت هەڵگری جۆرەها نەخۆشی بن، یاخود هەواکەت پڕ بێت لە تەنی زیانبەخش، ناتوانیت وێنای جەستە و دەروونێکی تەندروست بکەی بۆ خۆت.

بۆیە ئێستا هاوبەندییەکی جیهانی دروستبووە، کە بڕیاریداوە تەندروستی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی ژینگەدا هاوبەشی پێبکات، کە لەمەودوا مرۆڤ یەکێک لە پێکهاتەکان بێت، نەک وەکوو جاران خۆی پێ تاکە پێکهاتە بێت.

هاوبەندییەکە پێکهاتووە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی جیهانیی تایبەت بە تەندروستیی ئاژەڵان.

هاوبەندییە چوارییەکە بڕیاریانداوە لەمەودوا بە ئاگاداری یەکتر کار بۆ پاراستنی تەندروستی بکەن و چاویان لەسەر پەیوەندی بەهێزی مرۆڤ-ئاژەڵ-ئیکۆسیستم بێت.

ئیدی مرۆڤ دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و بزانێت کە پێشکەوتن و داهێنانەکانی تەنیا هی پیاهەڵدان نین، بەڵکو رەخنەی زۆریشیان لەسەرە لە سڕینەوەی فرەجۆریی بوونەوەران و گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی چەندین نەخۆشیی دیکە.