سۆشاڵمیدیا دەردە یان دەرمان؟

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە زانیاریی دروست و نادروست

د. سەروەر سالار چوچانی

سەردەمێک خەڵک بە ماندووبوونێکی زۆر، زانیارییەکی تەندروستی پێدەگەیشت، بەڵام ئێستا زانیارییەکان ئەوەندە زۆرن فریاناکەوین تەماشای بەشێکیشیان بکەین.

ئەم زیادبوونەی سەرچاوەکانی زانیاری، شمشێرێکی دووسەرە، کە چەندە ئەگەری هەیە نەزانییەکانی پێ بکوژی، ئەوەندەش ئەگەری هەیە ئەو کەمە زانیارییەش کە دەتزانی لەناویان بەریت و تەواو ببیتە کەسێکی بێئاگا لە زانست و لە دڵی خۆیشتدا خۆت زۆر پێ زانا بێت!

کەمە زانیارییەکەی جاران، زۆربەی زانیاریی دروست بوو، چونکە هەموو کەس ئاسان نەدەگەیشتە سەر تەختی شانۆی قسەکردن بۆ خەڵک، بەڵام ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە تەختی شانۆی ئازاد بۆ هەمووان، بە جۆرێک پرۆفیسۆرێک و کەسێکی تەواو بێئاگا یان دژەزانستیش هەمان هەلی قسەکردنیان هەیە بۆ خەڵک!

ئیدی لەو قۆناغەش دەرچووین نکووڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێبگەڕە ئەلیکترۆنییەکان بکەین، ئەوانە بوونەتە بەشێکی سەرەکیی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆ و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، ئەوانەی کە نکووڵییان دەکرد ئێستا لە هەمووان چالاکترن!

بەشێکی زۆری ئەو پزیشکانەی جاران بە تەنزەوە باسی چالاکیی ئێمەیان دەکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا خۆیان بە هەموو لایەکدا کەوتوونەتە چالاکی و سەرنجڕاکێشانی خەڵک بۆ کلینیکەکانیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە، واتە ئەوانەی گاڵتەیان بە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرد، ئێستا خۆیان بێوچان خەریکی چالاکین تێیاندا، ئەوەش نیشانەی هۆشیارییانە لە کاریگەریی ئەم رێگا نوێ و فرە ئاراستەیە.

کە ددانمان بە کاریگەریی "دکتۆر گووگڵ" و تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا نا و لە نکووڵیکردن دەرچووین، ئیدی گرنگە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتە گەورەکەشی بدەین.

لە وێبگەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەر زانیارییەک دەیبینی، چەندە ئەگەری هەیە قسەی زانست بێت و بڕواپێکراو بێت، هێندەش ئەگەری هەیە قسەی کەسێکی بێئاگا و دژە زانست بێت، بۆیە نابێت هەموو ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیبینیت، بە هەمان پێوەری کتێب و گۆڤارەکانی جاران وەریبگریت.

دیسکی تەندروستیی کەناڵ8 دەیەوێت ببێتە ئەو جێگەیەی کورد لە هەموو لایەکی جیهانەوە رووی لێبکەن بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروستی تەندروستی و پزیشکی، چونکە هەموو بابەتەکان کەسانێک ئامادەیان دەکەن کە کۆلیجی پزیشکییان خوێندووە و زانستەکەیان دەکەنە پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی بابەتەکان، زانیارە سوودبەخشەکان دەخەینە پێشچاوتان و ئەوەی پێوەری پزیشکی بێسوودە با هەر لای خاوەنەکەی بمێنێتەوە.