چی لەبارەی ئامێرەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە دەزانیت؟

ئامێرەکانى هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆری بەناوی میروو بەرهەمهاتووە، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی بەریتانی و ئەڵمانیش، ئەرکیان پشکنینی تەواوى پڕۆگرامەکانى سیستمەکە بووە. کە چۆنێتى هەژمار و ناردنى داتاکانى دەنگدانە.

بە گشتی سیستمەکە لە سێ ئامێری سەرەکی پێکدێت:

ئامێری یەکەم

ئامێری یەکەم ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنیە، لەم ئامێرەدا هەمووداتا و زانیاریی کەسی دەنگدەری ئەو وێستگەیە هەیە، خوێندنەوە بۆ کارتی ئەلیکترۆنی و پەنجەمۆری کەسی دەنگدەر دەکات و بەراوردی دەکات بە داتاکانی ناو ئامێرەکە.

ئامێری دووەم

ئامێری دووەم ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنیە، کە لەسەر بەشی سەرەوەی سندووقی دەنگدان جێگیرکراوە، دەنگدەر پاش پڕۆسەى هەڵبژاردنى کاندید و لیستەکەى، کاخەزی دەنگدانەکە دەکاتە ناوی و لەرێگای تیشکەوە خوێندنەوەی بۆدەکرێت و دەنگەکە هەژماردەکات.

ئامێری سێیەم

ئامێری سێهەم RTS یاخود ئامێری ناردنی ئەنجامەکانە،  ئەرکی ئەم ئامێرە ئەوەیە، کە لەرێگەى کێبڵەوە، داتاکانى سندوقەکانى دەنگدانەکە کۆدەکاتەوە، جارێکى تر ئەو داتایانە رەوانەى رەوانەى مانگى دەستکرد دەکات، تا بە گشتى هەموو داتاکان لەلایەن  سەنتەرى نیشتیمانى کۆدەکرێتەوە ئامادە دەکرێت بۆ راگەیاندن.

بەگوێرەی گوتەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کێشەکەى چەند بنکەیەکى دەنگدانى تایبەت کە لە رۆژى 16 مانگ بەڕێوەچوو، لە بەشی RTS ئامێری ناردنی ئەنجامەکاندا بووە.

بەڵام جیاواز لە راگەیاندراوەکەی کۆمیسیۆن ئاماژە بەوە دەکرێت، لە چەند بنکەیەک،  ئامێری پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی گرفتی بۆ درووستبووە و کارتەکانی بایۆمەتری و پەنجەمۆری دەنگدەران ناخوێنێتەوە، بەهۆیەوە دەنگدانی پەکخستووە.

هەرچەندە کۆمپانیای میروی کۆری لە نامەیەکدا هۆکاری نەناردنى ئەنجامەکان لە دەنگدانی تایبەتدا بۆ دەستەى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێڕاق رونکردووەتەوە، بەڵام کۆمیسیۆن روونکردنەوەکەی کۆمپانیا کۆریەکەی بۆ رایگشتی بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا هۆکاری سەرەکی گرفتەکان دیاری نەکراون.