جینەکانت ئیدت ناکەیت؟

بەشێک لە نەخۆشییەکانی مرۆڤ لە جینەکانیدا خۆیان حەشارداوە.

د. سەروەر سالار چوچانی

لە مێژووی پزیشکیدا کۆمەڵێک هەنگاونراون، کە پێشکەوتنی بێوێنەیان لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکاندا کردووە، وا دیارە لە سەروبەندی هەنگاوێکی مێژووی نوێداین!

لە نموونەی ئەو هەنگاوانەی مێژوو: دۆزینەوەی میکرۆبەکان وەکو هۆکاری نەخۆشییە گوازراوەکان، دۆزینەوەی دەرمانە دژەزیندەییەکان، دۆزینەوەی ڤاکسین، دروستکردنی بەنج، دروستکردنی ئازارشکێنەکان، دروستکردنی ئینسۆلین و چەند هەنگاوی لەم شێوانە کە چارەنووسی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە!

پاش سەردەمانێک گوڕخواردنەوە، ئێستا زانستی پزیشکی هەنگاوێکی نوێی گەورەی هاویشتووە، کە وادیارە لە داهاتوودا کار لە چارەنووسی مرۆڤایەتی بکات و ببێتە کلیلی کردنەوەی چەندین مەتەڵی ئاڵۆزی پزیشکی.

زۆرجار دەوترێت ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە، واتە لە جینەکانتدا خۆی حەشارداوە و لە دایک و باوکەوە بۆت گوازراوەتەوە، و بە کورتی ئیدی دەسەڵاتی پزیشکی ئەگەر تەواو دەستەوسانیش نەبێت، ئەوە هەواڵە خۆشەکانی زۆر کەمتر و هەواڵە ناخۆشەکانی زۆر زیاتر دەبن!

 بەڵام ئێستا زانست خەریکی سەرکێشییەکی نوێیە، ئەوەش بە چوون بۆناو کووچە و کۆڵانەکانی خانەکان و (DNA) یەکان و دەستکاری کردنیان، کە بۆ سەردەمانی پێشوو رەنگە بیرلێکردنەوەشی ئەستەم بووبێت!

پاش دۆزینەوەی ناسازییە بۆماوەییەکە لە (DNA)ی کەسەکەدا، زانستی پزیشکی دێت ورد دەبێتەوە، ئەگەر بەشێکی زیادەی ناقۆڵا هەبوو دەیبڕێت، یان ئەگەر بەشێکی گرنگ لە (DNA) یەکەدا نەبوو، ئەوە بۆی زیاددەکەن!

بەڵام چۆن دەگەنە ناو خانەکە؟

جەستەی هەریەک لە ئێمە 37 تریلیۆن خانەی تێدایە، گرفتە بۆماوەییەکان لە گۆشەیەکی بچووکی هەر خانەیەکدا خۆیان حەشارداوە. زاناکان دەبێ بیرۆکەی چاکسازییەکانیان بگەیەننە ئەو گۆشە بچووکە!

بۆیە بۆ گەیشتن بەناو جێگا بچووکە، دەبێت سوود لە هۆکارێک وەربگرن کە زۆر لە تاکە خانەیەک بچووکتر بێت!

بۆ گەیشتن بەناو خانەکە، هەندێکجار سوود لە ڤایرۆسەکان وەردەگیرێت، کە زۆر لە خانە بچووکترن و دەتوانن دزە بکەنە ناو خانەکان، بۆیە وا پرۆگرامدەکرێن لەبری نەخۆشخستنی خانەکان، گۆڕانی خوازراو لە DNAی کەسەکەدا دروستبکەن جا بە روخاندنی بەشێکی زیادەی نەخوازراو بێت یان دروستکردنی بەشێک کە دەبوو هەبێت و نییە!

هەندێکجاریش سوود لە تەنۆلکەی نانۆیی وەردەگرن، کە ئەمیش لە خانەکان بچووکترە، بۆیە دزە دەکاتە ناوی و گۆڕانکاریی خوازراو لە DNAی کەسەکەدا دەکات.

بۆیە لە داهاتوو دەکرێت پشکنین بۆ پێکهاتەی بۆماوەیی خەڵکی بکرێت و کاتێک ناڕێکییەک بینرا، وەکو ئێستا تەنیا هەواڵێکی ناخۆشی پێنەدەن لەبارەی تەندروستیی داهاتووی، بەڵکو ئۆفەری بنەبڕکردنی حەو مەترسییەی بخەنە بەردەست و بە یەکجاری لەو مۆتەکەیە رزگاری بکەن کە دەکرێ لە داهاتوو بەدەستییەوە گیربخوات.