جەستە و هزرمان چۆن پێکەوە بەستراون؟

دەروون و جەستە پێویستیان بە یەکدییە بۆ ئەوەی تەندروست بن

تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان جەستە و هزری مرۆڤ بابەتێکی ئاڵۆز و جێگای مشتومڕێکی دورودرێژە، توێژینەوەی زۆر هەن و زانیاریی سەرنجڕاکێش دەستکەوتوون، بەڵام دوور نییە ئەو زانیارییانە تەنیا لووتکەی شاخێکی سەهۆڵین بن و لە داهاتوو پەردە لەسەر تەواوی پەیوەندییەکە هەڵبماڵرێت!

ئێستا ئەوە دەزانین کە لایەنی بایۆلۆجی و کیمیایی مرۆڤ  وەکوو لایەنی بەرجەستەمان، کار لە هەست و سۆزەکانی دەکەن کە لایەنی مەعنەوی و نابەرجەستەن، هەروەک هەست و سۆزەکانیش کار لە زۆر ئەندامی جەستە دەکەن!

مێشک و هزر!

دیارە کە مێشک پێکهاتەیەکی بەرجەستەیە، کەچی هزر بابەتێکی مەعنەوییە و پێنج هەستەکەی ئێمە دانی پێدا نانێن. ئەوەی ئێستا تێیگەیشتووین ئەوەیە مێشک هاردوێرێکە کە بەهۆیەوە ئەزموونی بیر و باوەڕ و سۆز و هەڵوێستەکانمانی پێ دەکەین، کە من پێکەوە ناومناون هزر!

مێشک تەنێکی بەرجەستەیە و دەزانین شێوەی چۆنە، کەچی هزر تەنها هەستێکی مەعنەوییە و نازانین شێوەی چۆنە، بە وردیش نازانین کە ئەم دوانە بە چ میکانیزمێک رێککەوتوون و کارەکانیان دابەشکردووە، بەڵام خۆ نکووڵیش ناکرێت لە هەبوونی هزر و هۆش!

دەمار و هۆرمۆن و پەیامبەری کیمیایی!

دەرکەوتووە مێشک بە رێگای هەندێک دەمار بەستراوە بە رژێنی سەرگورچیلەوە، کە بەرپرسە لە رژاندنی ئەو هۆرمۆنانەی جەستە و دەروون دەخەنە دۆخی فشاری دەروونی. واتە کاتێک مێشکت هەستدەکات دۆخێکی نائاسایی هەیە، لە رێگەی دەزوولە دەمارییەکانەوە هانی رژێنی سەر گورچیلە دەدات هۆرمۆنەکانی پەیوەست بە فشاری دەروونی دەربدات کە ئەوانیش جۆرەها لێکەوتەی دەروونی و جەستەیی دروستدەکەن.

دەمارەکانی جەستەش لە رێگەی پەیامبەری کیمیاییەوە دەست بە دەست زانیارییەکان دەگەیەننە یەکتر تاوەکوو دەگاتە جێگای تایبەتی خۆی لە مێشکدا، یان لە مێشکەوە بۆ ئەندامە پەیوەندیدارەکە!

هەروەها لایەنی دەروونی و هزریش، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر جەستەمان هەیە! بۆ نموونە لەکاتی گوشاری دەروونیدا، دڵ خێرا لێدەدات، هەناسەدان خێرا دەبێت، خەو تێکدەچێت، ماسولکەکان گرژ دەبن و فشاری خوێن بەرزدەبێتەوە کە ئەمنە هەموویان لێکەوتەی جەستەیین!

ئێستا توێژینەوە دەریخستووە لەکاتی سترێس و گوشاری دەروونیدا کۆئەندامی بەرگریش لاواز دەبێت، بەجۆرێک خڕۆکە سپییەکان کاراییان کەمدەبێتەوە لە جەنگان دژی خانە نەخۆش و شێرپەنجەییەکان! هەروەها کاتی سترێس جەستە کەمتر بەرگری دروستدەکات دوای وەرگرتنی ڤاکسین. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە، دەرکەوتووە چارەسەرکردن بە گفتوگۆ و وتووێژی ئەرێنی (talk therapy)، بەرگریی جەستە دژ بە نەخۆشییەکان بەهێزدەکات.

واتە هەم هزر و دەروون کار لە فرمانە جەستەییەکانی ئێمە دەکەن، هەم گۆڕانە جەستەییەکانیش کار لە دەروون و هزرمان دەکەن. بۆیە بۆ جەستەیەکی تەندروست پێویستت بە دەروونێکی ئارام و سەقامگیرە، هەروەها بۆ تەندروستیی دەرونیش پێویستت بە جەستەیەکی تەندروست و دوور لە نەخۆشییە!