تابلۆ دەگمەنەکەی گروپی بیتڵس فرۆشرا

یەکێک لە دەگمەنترین تابلۆ هونەرییەکانی جیهان، کە لەلایەن گروپی بیتڵسەوە کێشراوە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشرا، باوەڕ وایە، ئەم کارە هونەرییە، یەکەم و کۆتا هونەری شێوەکاریی دەستی ئەندامانی گروپەکە بێت کە بە هەماهەنگی کێشاویانە.

تابلۆی "وێنەی ژنێک"، دروستکراوی ساڵی 1966، لەسەر دەستی ئەندامانی گروپی بیتڵسی بەریتانی کێشراوە، لە زیادکردنی خانەی کریستیی لە شاری نیو یۆرک، بە بەهای ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار فرۆشرا، کە توانی سێ ئەوەندەی ئەو بەهایە کۆبکاتەوە، کە ساڵی پێشوو بۆی دیاریکرابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئارت نیوز، تابلۆکە سەر بە رێبازی ئابستراتکتە، لە رەنگی ئاویی و ئاکریلیک دروستکراوە، لە سەروبەندی گەشتی گروپی بیتڵس کێشراوە لە وڵاتی ژاپۆن.

چیرۆکی کێشانی ئەم تابلۆیە بەجۆرێکە، ئەندامانی گروپەکە، هەریەکێکیان، لە گۆشەیەکی تابلۆکەدا نەخشێکی ئابستراکتییان کێشاوە و بەیەکەوە تەواویانکردووە، باوەڕ وایە، ئەمە یەکەم و کۆتا کاری شێوەکاریی بیتڵس بێت.

گروپی موزیکیی بیتڵس، ساڵی 1960، لەسەر دەستی هونەرمەندان، جۆن لێنۆن، پۆڵ مەکارتی، جۆرج هاریسن و رینگۆ ستار دروستبووە، بە کاریگەریترین گروپی موزیکیی مێژوو هەڵسەنگاندنی بۆکراوە و بە دامەزرێنەری کولتووری پێچەوانەی شەستەکانی سەدەی رابردوو دادەنرێت.