دوو ئامێری دەگمەنی بیتڵس و رۆڵینگ ستەونز دەفرۆشرێن

دوو ئامێری موزیکی، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی رکابەرێتیی دوو دیارترین گروپە موزیکییەکانی بەریتانیا، دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە و سەرنجی هەوادارانی موزیکیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە.

بەمەبەستی ستایشکردنی گەشتی موزیکیی و هەوڵی هونەریی هەریەک لە گروپەکانی "بیتڵس" و "رۆڵینگ ستەونز"، خانەی زیادکردنی ئاشکرای ساندێرس لە ئەمریکا، دوو ئامێری موزیکی، سێتار و گیتار دەخاتە زیادکردنی ئاشکراوە و پێشبینیی دەکرێت لەلایەن هەوادارانی موزیکەوە بەهایەکی بەرزیان پێبدرێت.

سێتارەکە، ئامێری جۆرج هاریسنی ژەنیاری گروپی بیتڵسە، گیتارەکەش، لەلایەن کیس ریچاردسەوە ژەنراوە و خزمەتێکی گەورەی بە گروپی رۆڵینگ ستەونز کردووە.

بڕیارە 25ی ئەم مانگە، خانەی ساندێرس هەردوو ئامێرەکە بفرۆشێت، بە گوتەی لاورا کیرک، بەرێوەبەری خانەکە، "گیتارەکەی کیس ریچاردس بە نرخی 400 هەزار دۆلار دەستپێدەکات"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ ئەم ئامێرە، لەلایەن گروپەکەوە بەکارهێنراوە بۆ ژەنینی دیارترین گۆرانییەکان.

هەرچی نرخی سێتارەکەیە، لە 25 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و تاقە سێتاری گروپی بیتڵسە دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، بەمەش دەبێت بە پارچەیەکی دەگمەن و ناوازە کە لەلایەن ئەندامانی بیتڵسەوە خاوەندارێتیی کراوە.

Beatle George Harrison receiving instruction in playing the sitar from a Sikh teacher as the other members of the Beatles look on in quiet fascination.

گروپەکانی رۆڵینگ ستەونز و بیتڵس، لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا، خاوەنی رکابەرێتییەکی گەورەی هاوڕێیانە بوون لە بەرهەمهێنانی باشترین گۆرانی و موزیکەکان، توانییان لە سەردەمی بەرهەمهێنانی خۆیاندا، باشترینەکان بۆ ژانرای رۆک پێشکەشبکەن و تاوەکو ئێستاش لە دیارترین گروپە موزیکییەکانی رۆک ناویان بە شکۆمەندیی ماوەتەوە.