تۆمارێکی دەگمەنی گروپی بیتڵس بە هەزاران یۆرۆ دەفرۆشرێت

تۆمارێکی دەگمەنی گروپی موزیکیی بیتڵس، بە هەزاران یۆرۆ دەفرۆشرێت، کە پێشووتر، لە فرۆشگەیەکی خێرخوازییدا بە بەهایەکی کەم کڕرابوو.

لەماوەی رابردوودا، لە فرۆشگایەکی خێرخوازیی شاری لەندەن، تۆمارێکی قەوانی دەگمەنی گروپی بیتڵس، کە یەکێکە لە سەرەتاییترین تۆمارەکانی ئەم گروپە، بە نرخێکی کەم کڕرابوو، بەڵام لە نوێترین فرۆشیدا، بەنزیکەی پێنج هەزار یۆرۆ فرۆشرا.

ئەم تۆمارە قەوانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1963، بەناوی ئەلبومی "Please Please Me"، کە چەندین موزیکی سەرەتایی و بەناوبانگی بیتڵس لەخۆدەگرێت، لەوانە: Love Me Do، P.S. I Love You و Please Please Me، کە بە یەکەم تۆماری ئەلبومی ئەم گروپە دادەنرێت.

گرنگیی و دەگمەنیی ئەم تۆمارە لەوەدایە، کە لە ساڵی دەرچوونیدا، ژمارەیەکی کەم و سنوورداری لێ بڵاوکراوەتەوە.

تۆمارە دۆزراوەکە، لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام چەند شوخت و شکاوییەکی پێوەیە، وێڕای زیانەکان، بەشێوەیەکی بێگەرد تۆمارەکانی پێدەکرێن و بێگرفتن، سەرەتا بە زیادکردنێکی سەر تۆڕی eBay، بە نرخی هەزار و 755 یۆرۆ خراوەتە فرۆشتنەوە، لە دەرئەنجامیشدا، بەهاکەی گەیشتووەتە چوار هەزار و 928 یۆرۆ و فرۆشراوە.

لە ئێستەدا، بەهۆی تێپەڕاندنی قۆناغی تۆمارە قەوانەکان و سەرهەڵدانی تۆڕی پەخشکردنی ئینتەرنێت، دۆزینەوەی تۆمارەکان دەگمەن و ناوازەن، بەدیاریکراوییش بەرهەمەکانی گروپی بیتڵس، لە دیارترین و خوازراوترینی کۆکەرەوەکانن، دۆزینەوەی تۆمارێکی سەرەتایی و سنوورداری ئەم گروپە، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا، نرخەکەی بگاتە سەدان هەزار دۆلار.

گروپی موزیکیی بیتڵس، ساڵی 1960، لەسەر دەستی هونەرمەندان، جۆن لێنۆن، پۆڵ مەکارتی، جۆرج هاریسن و رینگۆ ستار دروستبووە، بە کاریگەریترین گروپی موزیکیی مێژوو هەڵسەنگاندنی بۆکراوە و بە دامەزرێنەری کولتووری پێچەوانەی شەستەکانی سەدەی رابردوو دادەنرێت لە وڵاتی بەریتانیا، ئەم گروپە، لە تێکڕای قۆناغەکانی چالاکبوونیدا، توانیویەتی 229 گۆرانی تۆمار بکات، لە دیارترینیان:

A Day in the Life
Tomorrow Never Knows
All You Need is Love
Taxman
Don’t Let Me Down