جۆرج هاریسن.. گیتارژەنێک لەسایەی ناوبانگی بیتڵسدا

یەکێک بووە لە دیارترین ئەندامانی گروپی موزیکیی بیتڵس، گیتاریستی سەرەکیی گروپەکە بووە، جۆرج هاریسن، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 25ی شوباتی 1943، لەدایکبووە.

 لە سایەی کاریگەریی و هەوڵە سەرەکییەکانی جۆن لینۆنی هونەرمەند و موزیسیانی بەریتانیدا، جۆرج هاریسن کەسایەتییە بەناوبانگەکەی خۆی دەدۆزێتەوە، وەکو گیتاریستی سەرەکیی گروپی بیتڵسەکان، لە ئاسمانی موزیکی رۆک ئاند رۆڵدا، دەدرەوشێتەوە، هاریسن، ماوەی 12 ساڵ، وەکو گیتاریستی سەرەکیی بیتڵس کاری کردووە.

لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، 28 گۆرانی گوتووەتەوە، هاریسن وێڕای توانا هونەرییەکەی لە ژەنینی گیتاردا، خاوەنی یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکانی بیتڵس بووە.

لە ئاستی بەرهەمە موزیکییەکانیدا، خاوەنی 12 ئەلبومی تایبەتی ستۆدیۆ، دوو ئەلبومی راستەوخۆ، 35 گۆرانی تاک و دوو ئەلبومی ڤیدیۆییە، بە تێکڕای کارە هونەرییەکانی، توانیویەتی چوار خەڵاتی گرامی، شەش خەڵاتی بیڵبۆردی موزیک و 11 خەڵاتی موزیکی ڤیدیۆیی ئێم تیڤی بباتەوە.

ساڵی 2001، لە تەمەنی 58 ساڵییدا، پاش رزگاربوون لە هێرشی چەقۆکێشێک و تێپەڕاندنی چەند قۆناغێکی سەخت لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، جۆرج هاریسن، کۆچیدوایی دەکات و ماڵئاوایی ئەندامانی بیتڵس و جیهانی رۆک ئاند رۆڵ دەکات.