بۆچی هێزەکانی پێشمەرگە یەکناگرنەوە؟

وێنەی پێشمەرگەیەک کە بەپەنجەکانی ئاماژە بەناوی پێشمەرگە دەکات فۆتۆ: AP
وێنەی پێشمەرگەیەک کە بەپەنجەکانی ئاماژە بەناوی پێشمەرگە دەکات فۆتۆ: AP

سەرباری هەوڵ و فشارە دەرەکییەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، تا ئێستا دەیان جار هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەت و ناوەندە دیپلۆماتییە بیانییەکان، داوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە، بەڵام ئەو هەوڵانە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژە نیشتمانییە، تاوەکو رادەیەک بێئام بووە.

مێژووی قسەکردن لەسەر یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان دوور و درێژە، بە تایبەت کە دەیان هەوڵی زارەکی و نوسراو ، یان بە بڕیار و یاسا، هەیە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هەوڵە ناوخۆییەکان:

لە ساڵی 1986 ڕێککەوتنی تاران هەیە لە نێوان مام جەلال و ئیدریس بارزانی، بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە بەشێکی رێککەوتنەکەدا دەڵێت " ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دامودوزگاکانی شۆڕش.

دوا بەدوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، یەکەم هەنگاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە دامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بریتی بووە لە دامەزراندنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، کە بەگوێرەی یاسای ژمارە (5) ی ساڵی 1992 دەرچووە.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2006 حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان دامەزرا، یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموارکرایەوە و پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (19)ی ساڵی 2007ی دەرکرد، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی دامەزراوەتەوە.

دواتر هەوڵەکان چڕترکرانەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەو پێیەش لە ساڵی 2010 جارێکی دیکە هەنگاو نرا، ئەویش دروستکردنی (14) لیوای هاوبەش بوو لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەکاتی دابەشکارییەکەدا، لە هەموو لیواکان، مۆرکی حیزبایەتی زاڵکرا بەسەر پێوەرە سەربازییەکاندا، ئەوەش بووە هۆی زیاتر فراوانکردنی جیاوازییەکان لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا.

تاوەکو ئێستا لە بەرنامەکانی کابینە یەکلەدوای یەکەکانی حکومتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی هەولێر و سلێمانی و دواتر لە کابینە هاوبەشەکاندا، بە دەیان جار باس لە یەکخستنی هەوڵەکان کراوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر بێئاکانم بووە.

پەرلەمانی کوردستان چەند جارێک باسی لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، بەڵام وەک زۆر بڕیاری دیکەی پەرلەمان، تەنها وەک بڕیار ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، دواترینیشیان، بڕیاری ژمارە (19) ی 23 ی تەموزی 2014 بووە، لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

دواتر مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2014دا حەوت بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە "پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە نابێ حیزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕوو "هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت ‌و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، هێزەکانی 70 و 80 و هێزەکانی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکرێنەوە، کە تاوەکو ئێستا توانیومانە کۆمەڵێک لەو هێزانە کۆبکەینەوە".

هەوڵەکان تەنیا لە چوارچوەی هەرێمی کوردستان چڕنەکراونەتەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقیش هەوڵەکان بەردەوام بووە.

لەسەر ئاستی عێراق:

دوای ئەوەی دەستووری فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2005 چەسپێنرا، لە بڕگەی (پێنجەم)ی ماددەی (121)ی دەستوورەکەدا، هێزەكانی پێشمەرگەی وەك (پاسەوانی هەرێم) ناساندووە.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا چەندین یاداشتی لێكتگەیشتن و رێكکەوتنی دوو لایەنە، لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەچوارچێوەی سوپای عێرقیدا و هەماهەنگی دروستكردن هاتووەتە كایەوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی تیا بەدی نەهات.

بەگوێرەی فەرمانێكی دیوانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەو کات (نوری مالیكی) لە 7/10/2007 دەڵێت "بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دراوە، بەگوێرەی ماددەی (78)ی دەستووری عێراق و لەبەر بەرژەوەندی گشتی و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایش لە هێزە فرە رەگەزەكانەوە بۆ هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی تەندروست و دڵنیاییدان لە ئاسایش و ئارامی لە هەموو عێراقدا، بڕیار درا بە پێكهێنانی (2) فیرقەی پیادە بەگوێرەی رێكخستنی ئەو فیرقانەی ئێستا لە كوردستان هەیە، بە پشت بەستن بەسەرچاوەی مرۆیی بەردەست، بۆ ئەو مەبەشتەش هەماهەنگی هەیە لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری و سەركردایەتی گواستنەوەی ئاسایش لە هێزە فرەرەگەزەكان.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:

ساڵی 2003 لە كاتی پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانکانییەوە،هەوڵ بۆ یەگرتن و بەئاراستەی دروستكردنی پێکهاتەیەکی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە چڕکرایەوە، چونكە  لەو کاتەدا، هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان، هەستیان بە دروستبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەكرد، كە دوای پرۆسەكە دروست دەبێت و ئەمریكیەكانیش بە ئاشكرا ئەمەیان بە سەرکردایەتی سیاسی یەکێتی و پارتی گوتبوو.

دوای پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005،و  بوونیاتنانەوەی سوپای عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان هەموو هەوڵێكیان بۆ دروستكردنەوەی لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
لەدوای هێرشەکانی داعش لە ٢٠١٤، هەنگاوەکان بەئاراستەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامبوون، لەو چوارچێوەیەدا هێزەكانی هاوپەیمانی دژ بە داعش دوو لیوای هاوبەشی سەربازییان دروستكرد. بەڵام لەبەردەم ئەم هەنگاوەشدا بەربەستەکان زۆربوون.
دوای هاتنی داعش هێزەكانی هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمریكیەكان، متمانەیان بە هێزەكانی پێشمەرگە دروستكرد و لەم چوارچێوەیەدا دەستیان بە راهێنان و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە كرد و بڕی (110) ملیون دولاریان بۆ ئامادەكردن و پڕچەككردنی دوو لیوای نوێ لە هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكرد، تا ئێستاش هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام هێشتا پارتی و یەکێتی ئامادە نین هێزە چەکدارەکانیان یەکبخەن.

نوێترین هەوڵیش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەفتەی رابردوو قۆناغێکی نوێی پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەستیپێکرد، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: "ئەو شوێنانەی کە نەخراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و یەکنەخراونەتەوە، لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بێ بەشبوون".

لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80 لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن و نەخراونەتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، نزیکەی 10 ساڵیشە هاوپەیمانان و ئەمریکا هەوڵی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن و تاوەکو ئێستا تەنیا 24 لیوای یەکگرتوو هەیە، ئەو 24 لیوایەش مووچە، مەشق و راهێنان، پێداویستییە لۆجستی و سەربازییەکانیان لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان وەردەگرن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کەناڵ8ی راگەیاند: "لەگەڵ هاوپەیمانان دوو کۆبوونەوەی گرنگ کراوە، بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی یەکەکانی 70 و 80، هاوپەیمانان پێداگیرییان کردووە لەسەر چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان، کە دەبێت بەزوویی جێبەجێ بکرێت".

لە مانگی  حوزەیرانی ساڵی 2023، کۆنگرێسی ئەمریکا لە مادەیەدا لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی بودجەی بەرگری ساڵی 2024، سیستمی بەرگری بۆ هێزی پێشمەرگە دابینبکرێت.

میدیاکانی رۆژئاوا ئەو کات رایانگەیاندوو، هەوڵی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی درۆنی دەبێتەوە لە لایەن ئێران و تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ناوخۆیی عێراقەوە.

گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە:

بەو پێیەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەردەوام لە زیادبوون و بەرەو پێشچووندایە، چ لەسەر ئاستی ژمارە و چ لەسەر کەلوپەلی سەربازیی و لۆجستی، بۆیە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو پرسەش، پێویستە هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو بابەتە لاببرێت، کە دیارترینیان بریتین لە:

بەو پێیەی لە ناو پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە هەیە، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەو لیژنەیە لە رابردوو ئێستاشدا نەیتوانیووە وەک پێویست کارەکانی خۆی بکات، چونکە دەبوایە بەدواچوونی بکردایە بۆ کێشە و کەمووکوڕیەکان و هێزی پێشمەرگە لە لایەن پەرلەمانەوە چاودێری بکرایە و بەدواچوونی بۆ هەموو کەمووکوڕییەکان بکردایە.

زۆر بە کەمی پێشمەرگە لەسەر ئینتیمای نیشتمانی پەروەردە دەکرێت، بەڵکو ئینتمابوون بۆ حزب و تەنانەت کەسایەتیش زاڵکراوە، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.

تاوەکو ئەم ساتە وەک پێویست سوود لە بوونی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەرنەگیراوە، لەکاتێکدا هاوپەیمانان هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی مەشق و راهێنانەوە بەرەوپێشبەرن.

بەهۆی ئەوەی هیچ رێگرییەک ناکرێت لە کاری حیزبی لەناو ریزەکانی هێزی پێشکەرگە، ئەو بابەتە بووەتە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم یەکنەگرتنەوەی ئەو هێزەدا.

جگە لەوەش تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراق، وەک پێویست شایستە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خەرجنەکردووە و، جیاوازییەکی زۆر دەکات لە ڕووی پڕچەککردنەوە، گەر بەراورد بکرێت بە یەکە جیاجیاکانی سوپای عێراق.

بەگوێرەی لێدوانی لێپرسراوانی وەزارەتی پێشمەرگە، حکومەتی عێراق تەنها موچەی 23 هەزار پێشمەرگە دابین دەکات، لە کاتێکدا ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە بە خانەنشینەکانییەوە، سەرووی 400 هەزار مووچەخۆرە.

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە، مانگانە پێویستی بە 133 ملیار دینارە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق بۆ وەزارەتەکە تەرخانیکردوە مانگانە نزیکەی 19 ملیار دینارە.