شاندێکی سەربازیی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغداد کۆبوونەوە

كۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا. فۆتۆ: راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە

هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى بە سەرۆکایەتیى ئەمریکا، داواى کۆبوونەوەیەکى بە پەلەى لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە کردووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، کە لە سەرچاوەیەکى تایبەت لە وەزارەتى پێشمەرگە دەستى کەتوون، رۆژی یەکشەممە، شاندێکى باڵاى سەربازیى پێشمەرگە لەسەر داواى هێزەکانى ئەمریکا چوونەتە بەغداد و لەگەڵ فەرماندەى باڵاى سەربازیى هاوپەیمانان کۆبوونەتەوە و هەر ئەمڕۆش بەغدادیان جێهیشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر.

شاندەکەى هاوپەیمانان، داوایان لە وەزارەتى پێشمەرگە کردووە لەماوەى چەند رۆژێکى کەمدا، راپۆرتێک لەسەر پێویستیى پێشمەرگە بە هێزەکانى هاوپەیمانان لەسەر ئاستى لۆجستى، مەشق و راهێنان و هەواڵگریى سەربازیى پێشکەشبکەن.

هاوکات هاوپەیمانان داوایان لە شاندەکە کردووە بەرچاوڕوونى تەواو بدەن، لەسەر ئەو ماوەیەى کە پێویستە هاوپەیمانان لە پشتیوانیى پێشمەرگە بەردەوامبن، دەبێت لە راپۆرتەکەى وەزارەتى پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوە لێکەوتانەش بکرێت کە لە ئەگەرى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمان لە عێراق چاوەڕوانکراو دەبێت رووبدەن.

کەناڵ8 زانیویەتى لە کۆبوونەوەکەدا ئەمرکییەکان هۆشدارییانداوە بە شاندەکەى وەزارەتى پێشمەرگە و رایانگەیاندووە، دەبێت تاوەکو مانگى ئازارى ئەمساڵ دوو لیواى دیکەى هاوبەش دروستبکرێن، کە چەند مانگێکە یەکگرتنەوەیان دواکەوتووە.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە حکومەتى عێراق بەفەرمى لەگەڵ هاوپەیمانان لەگفتوگۆدایە بۆ کۆتاییهێنان بەئەرکەکانیان.

رۆژی 6ی ئەم مانگە شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەمریکا.

رۆژی 29ی مانگی رابردوو، شاندێکى باڵاى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتیى ئەمریکا، سەردانى وەزارەتى پێشمەرگەى کرد، بۆ بەدواداچوون لەسەر دەرەنجامى کۆبوونەوەى هەفتەى برادووى سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ لابردنى ئاستەنگەکانى بەردەم پرۆسەى چاکسازیی وەزارەتى پێشمەرگە.

پێشتر کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکى تایبەت لە سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییەى دەستکەوتبوو، فشارەکان لەسەر سەرۆکى هەرێمی کوردستانە، بە دروستکردنى فشار لەسەر کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە تێپەڕاندنى پرۆژەیاسای یەکخستنى یەکەى ژمێریاریى وەزارەتى پێشمەرگە، کە لەساڵى 2020ەوە لەناو ئەنجوومەنى وەزیرانە، بەڵام کارى لەسەر نەکراوە.

لە کۆبوونەوەى (29/1/2024)ى سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و شاندى پنتاگۆن، ئەمریکییەکان سوور بوون لەسەر ئەوەى، دەبێت بەزووترینکات وەزارەتى پێشمەرگە یەکەى دارایی یەکبخات، بە پێچەوانەوە هاوکارییەکانى بۆ وەزارەتى پێشمەرگە رادەگرێت، کە تەنیا ماددى نابن، بەڵکو مەعنەویش دەگرێتەوە، بە لێپرسراوانى هەرێمی کوردستانیان گوتووە "نییەتى باش لە هەوڵى چاکسازیى لەناو وەزارەتى پێشمەرگە نابینن".

لە ساڵى 2010، لە کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى پێشمەرگە دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکەى ژمیریاریى وەزارەتەکە یەکنەخراوە، ساڵانە لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سێ بودجە بۆ پیشمەرگە دابیندەکرێت، بودجەیەک بۆ وەزارەتى پێشمەرگە، بودجەیەک بۆ یەکەکانى 80ى پارتى دیموکراتى کوردستان و بودجەیەکى دیکە بۆ یەکەکانى 70ى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان.

ئەو بودجەیەش بۆ یەکەکانى 80 و 70، تەرخاندەکرێت، لەسەر بنەمایەکى ناڕوونە و ژمارەى راژەى هێزەکانى پێشمەرگەى تێدا ونە.

(21ـی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا و پرۆسەى چاکسازیى وەزارەتى پێشمەرگە، وادەکەش لە ئەیلوولی 2026 کۆتاییدێت و دەبێت، پرۆسەى چاکسازیى وەزارەتى پێشمەرگە تەواو کرابێت.