ساڵی 2023 بەغداد تەنیا 13% پشکی هەرێمی لە بودجەدا ناردووە

ساڵى رابردوو حکومەتى عێراق تەنیا 13%ى پشکى هەرێمى کوردستانى ناردووە. فۆتۆ: کەناڵ8

پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا، ساڵانە زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارە، بەواتای ئەوەی ترلیۆنێک و 375 ملیار دینار بۆ هەر مانگێک، بەڵام بەغداد مانگانە نیوەی ئەو بڕە یاخود کەمتری بۆ هەولێر ناردووە.

لەساڵى 2023 تەنیا  بۆ مانگەکانی (9 و 10 و 11)، عێراق دوو ترلیۆن و 100 ملیارى بەقەرز بۆ هەرێم نارد، کە دەگاتە 13% پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.

لە 12ـى حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاش گفتوگۆییەکی زۆر یاسای بودجەی بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد، پشکی هەرێمی کوردستانی بە رێژەی 12.67% دیارییکرد.

سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە لەمانگی حوزەیرانی 2023دا، بەڵام حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی تەمموز و ئاب نەنارد، بۆ مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمیش، بە قەرز پارەی بۆ هەولێر نارد.

بۆ ساڵی 2024، ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاشکرایە ئەوەیە، حکومەتی عێراق بڕیارییداوە تاوەکو هەموارى یاسای بودجە، مانگانە 618 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش دیارنييە ئاخۆ بەردەوام دەبێت یاخود وەکو ساڵانى رابردوو کێشەی بۆ دروستدەبێت.