کۆنیشانەی وەستانی لەناکاوی هەناسە لەکاتی خەوتن

تووشبوویەکی کۆنیشانەکە ئامێری چارەسەری پرخەی شەوان دەبەستێت..وێنە: AP

زۆربەمان خۆمان یان کەسێکمان دەشێ لە کاتی خەوتن پرخەی هەبێت، پرخەی کاتی خەو چەند هۆکارێکی هەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بوونی پرخە بریتییە لە کۆنیشانەی وەستانی لەناکاوی هەناسە لەکاتی خەوتن. بە واتایەکی تر بوونی پرخە هەموو کاتێک مانای بوونی نەخۆشیی (کۆنیشانەی وەستانی لەناکاوی هەناسە لەکاتی خەوتن) نییە! واتا دەشێ تۆ پرخەت هەبێت بەڵام ئەو نەخۆشییەت نەبێت.

چۆن ئەم نەخۆشییە دەناسرێتەوە و دەستنیشان دەکرێت؟

ئەم نەخۆشییە لە بەشی نەخۆشییە هەناوییەکانە و لە پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان ئەژماردەکرێت.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و نیشانەکانی کلینیکیی بریتیین لە:

یەکەم/ کەسی توشبوو بە شێوەیەکی گشتیی تەمەنی لەسەرووی 50 ساڵە (دەشێ لە تەمەنی گەنجتریش رووبدات)، بە شێوەیەکی گشتی لەناو پیاوان بەربڵاوترە، دەشێ کەسی توشبوو لەناو خێزانەکەی ئەو نەخۆشییە هەبێت.

کەسی توشبوو زۆربەی جارەکان کێشی لەشی زۆرە یان قەڵەوە، زیاتر ئەو نەخۆشانە توشبووی هەندێ نەخۆشیی ترن وەکو (شەکرە، بەرزە فشاری خوێن، نەخۆشیی سستبوونی دڵ و نەخۆشیی سستبوونی رژێنی دەرەقیی سستبوونی گورچیلە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە و هتد)، کەسی توشبوو زۆربەی جارەکان بارستایی لەشی زۆرە بە تایبەت بەشێکی زۆر لە ماسولکە و چەوری لە دەوری مل و قورگی هەیە. دەشێ کەسەکە کێشەی لەناوپۆشی لووت و جیوب و قوڕگی هەبێت.

دووەم/هەستکردن بە خەواڵوویی بەردەوام لە رۆژدا، نەخۆش بەردەوام لەو کاتانە خەو دەیباتەوە کە لە باری ئاساییدا کاتی خەو نییە، وەک لەکاتی نانخواردن، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، لە کاتی بەشداریکردن لە بۆنەیەک، زۆر جار لەکاتی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و لەکاتی بوون لە شوێنە گشتیەکان وەک مزگەوت و بازاڕ.

لە پاڵ بوونی ئەو خەواڵووییە، نەخۆش هەردەم هەست بە بێهێزیی دەکات، بەردەوام هەستدەکات کە تێرخەو نەبووە و پێویستی بە خەوتنی زیاترە.

سێیەم/ پرخاندن (الشخیر)

بە یەکێک لەهەرە نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە ئەژماردەکرێت، زۆربەی هەرەرزۆری نەخۆشەکان ئەو نیشانەیان هەیە.

چوارەم/ وەستانی لە ناکاوی هەناسە لە خەو، یان هەستکردن بە خنکان لەناو خەو.

ئەو نیشانەیە زۆرجار نەخۆش خۆی لێی بێئاگایە بەڵام کەسوکار لە خێزانەکەی زۆربەی جار دەیبینن و وا دەکات نەخۆشەکە لە خەو هەڵسێنن بۆ ئەوەی توشی خنکان نەبێت.

ئەم نیشانەیە پێویستییەکی هەرە گرنگی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیە.

پێنجەم/ سەرئێشەی بەیانیان، زوو زوو میزکردنی شەوانە، زوو زوو هەستان لە خەو بە شەو، هەست کردن بە خەمۆکی و بێ تاقەتی، نیشانەکانی تری ئەو نەخۆشییەن.

پزیشکیی پسپۆڕی ئەو بوارە، دوای ئەو نیشانانە پێویستیی بە  دەستنیشانکردنی کۆتایی هەیە کە بە ئامێرێک دەکرێت کە ئێستا خۆشبەختانە لە کوردستان بەردەستە، بە ناوی Polysomnogram یان PSG.

ئەو ئامێرە تۆماری ئەلیکترۆنیی نەخۆشەکە دەکات لە کاتی خەوتن بۆ نەخۆش دەبەسترێت، زۆربەی جارەکان پێویستە نەخۆش لەکاتی دانانی ئامێرەکە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، هەندێجار دەکرێت لە ماڵەوە بۆی ببەسترێت، پزیشکی پسپۆڕی ئەم بوارە بڕیاردەدات کامیان بێت.

دوای  دەستنیشانکردن، چارەسەر چییە؟

چارەسەری نەخۆشییەکە لە دوو بەش پێک دێت:

یەکەمیان/

چارەسەرە گشتییەکان وەک دابەزاندنی کێشی لەش، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و ماددە کهولییەکان، چارەسەری گیرانی رێڕەوی لووت و جیوبەکان ئەگەر کێشەیان هەبوو.

دووەمیان/

سەرەکییتریین چارەسەر بریتییە لە بەستن و بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەت شەوان لەکاتی خەوتن، کە بە ئامێری PAP ناودەبرێت کە چەند جۆرێکی هەیە وەک (CPAP و BiPAP )، بەستنی ئەو ئامێرە لەکاتی خەو بە درێژایی خەوتن یان بەلایەنی کەمەوە دەبێت ٧ کاتژمێر بێت هەموو شەوێک.

د.زانا دزەیی

پسپۆڕی هەناو

پسپۆڕی تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان.