مایکرۆسۆفت: ئێران و سێ وڵاتى دیکە زیرەکی دەستکرد بۆ بەئامانجکردنی ژنە چالاکوانەکان بەکاردەهێنن

لۆگۆى کۆمپانیاى مایکرۆسۆفت. فۆتۆ: AP

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، ئێران، رووسیا، چین و کۆریای باکوور، هاککەرە حکومییەکانی وڵاتەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە رێگای ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردی کۆمپانیاکەیانەوە چالاکوانانی ژنانی وڵاتەکانیان بکەنەئامانج.

کۆمپانیاکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هاککەرە حکومییەکان لەو چوار وڵاتە سودیان لە تەکنەلۆجیاى زیرەکی دەستکردی کۆمپانیاى مایکرۆسۆفت وەرگرتووە، بۆ دەستنیشناکردن و بە ئامانجکردنی چالاکوانانی وڵاتەکانیان بەتایبەت چالاکونانی ژن.

مایکرۆسۆفت دەشڵێت، وڵاتەکان توانیویانە شوێنپێی ئەو هاککەرانە بدۆزنەوە کە سەربە سوپای رووسیا و سوپای پاسدارانی ئێران بوون و خەریکی کاری سیخوڕیی بوون بەسەر چالاکوانان.

هاوکات تۆم برێت، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بۆ ئاسایشی کڕیاران دەڵێت، ئێستا لە پلانی کۆمپانیاکەیانە لە رێگای تەکنەلۆجیای نوێوە، رێگریی لە کاری ئەم هاککەرانە بکرێت، چونکە مەترسیی جۆراوجۆر دروستدەکەن و نایانەوێت ئامارازەکانی کۆمپانیاکە بۆ کاری سیخوڕیی بەکاربهێنن.

تاوەکو ئێستا هەریەکە لە وڵاتانی ئێران، رووسیا و کۆریای باکوور وەڵامی ئەم راپۆرتەی کۆمپانیاکەیان نەداوەتەوە، تەنیا پەکین راپۆرتەکەی مایکرۆسۆفتی بە بێبنەما وەسفکردووە و رایگەیاندووە، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن چینەوە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی خۆیەتى نەک بۆ کاری سیخوڕیی.