ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان دۆخى نائاسایی راگەیاند

کەشوهەوای گەرمیان

ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان دۆخى نائاسایی راگەیاند و داوا لەو هاونیشتمانییانە دەکات ماڵەکانیان نزمە، بچنە شوێنێکى سەلامەت.

لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان ئاگاداری هاونیشتمانییانی سنووری گەرمیان دەکات، بەهۆی زیادبوونی شەپۆلی بارانبارین لەناو شار هاتوچۆ نەکەن، هەر هاونیشتمانییەکیش ماڵی لە شوێنە نزمەکانە و مەترسی لەسەرە، قاتی سەرەوە بەکاربهێنێت یان بڕۆنە شوێنی سەلامەت تر.

هاوکات هاتوچۆى گەرمیان شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆى مەترسیى داڕمانى پردى گوندى تۆڤگە، رێگاى پردەکە بەکار نەهێنن.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، رێگای پردی گوندی تۆڤگەى سەر بە ناحیەی مەیدان، بە هۆی بارانبارینەوە ئاستەنگی هاتووچۆی لەسەر دروستبووە، بەوهۆیەوە داخراوە.

هاتوچۆى گەرمیان، شۆفێران و بەتایبەت شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخان ئاگادار دەکاتەوە، لەکاتی هاتوچۆ کردنیاندا رێگای ناحیەی مەیدان بەکارنەهێنن، بەڵکو رێگای سەرەکی ساڵح ئاغا بۆ کەلار، بەکاربهێنن.

رێگاکە لە نزیک گوندی تۆڤگە بە دیاریکراوی پردی تۆڤگە، بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە داڕماوە و مەترسیی هەیە بۆ هاتوچۆ کردن، هاتوچۆى گەرمیان لە ئاگادارییەکەدا وادەڵێت.