دواین ئامارى زیانەکانى لافاوەکەى گەرمیان راگەیەندرا

دیمەنى زیانەکانى لافاو لە ناحیەى رزگارى لە گەرمیان. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

گوتەبێژى ئیدارەى گەرمیان رایگەیاند، 200 ماڵ لە گەرمیان بەهۆى لافاو زیانیان بەرکەوتووە و سێ ئامێرى بیناسازى لە جۆرى حەفارە ئاو بردوونى و پێنج وێستگەى ئاودێریش زیانیان بەرکەوتووە.

چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژى ئیدارەى گەرمیان بە کەناڵ8ـى رگەیاند، جگە لەو 200 ماڵەى زیانیان بەرکەوتووە، سێ ئامێرى بیناسازى لەجۆرى حەفارەش زیانیان بەرکەوتووە، نزیکەى 50 سەر ئاژەڵ ئاو بردوونى، چەند بینایەکى حکومیش وەکو مزگەوت و قوتابخانە ئاو چووەتە ناویان و زیانیان بەرکەوتووە.

گوتیشى، پێنچ سەرچاوەى ئاودێرى و کارگەیەکى دروستکردنى بلۆک و ژمارەیەکى دیکە لە موڵک و ماڵى گشتى زیانیان بەرکەوتووە.

لە سێ رۆژى رابردوو شەپۆلێکى بەهێزى بارانبارین هەرێمى کوردستانى گرتەوە، لەئیدارەى گەرمیان جیاوازى بڕى بارانبارین لەمساڵدا لەگەڵ ساڵى رابردوو نزیکەى 100 میلیمەترە.