چۆن تێگەیشتم له دەستدرێژیکرانەسەر کچە 16 ساڵانەکە؟

دەستدرێژیی سێکسی بەپێی یاسا تاوانە

د. دیلمان ئازاد خۆشناو

مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری

دوو رۆژە سۆشیاڵمیدیا بەباسی دەستدرێژیکردنەسەر کچێکی 16 ساڵان هەژاوە، بەڵام هەژانەکە هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەی سۆزداریدایە و واپێدەچێت وەکو هەموو تاوانا قێزەونە هاوشێوەکان تەنیا شەپۆلێکی بۆڵەبۆڵ بێت و کۆتاییبێت، بۆیەش بەردەوام ئەم تاوانانە دووبارە دەبنەوە و ئەوەی وندەبێت دەستنیشان و چارەسەری زانستییانەیە بۆ تاوانەکە!

تاوانەسێکسییەکان تەنیا بریتی نین لە دەستدرێژیی راستەوخۆی جەستەیی، بگرە هەر لە وشەی ناشرینی سێکسی دەرهەق بە رەگەزی بەرامبەر یان دەستلێدانێکی نەشیاو یان تەنانەت تەماشاکردنێکی نەشیاو، هەموو تاوانن، بەڵکو تاوانە هەرە بێزراوەکانن .

تاوانی سێکسی تەنیا لای ئێمە و لە کوردستان نین، بەڵکو لەهەموو وڵاتێک هەن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە لە وڵاتان بەرەنگاری دەبنەوە، لێیدەکۆڵنەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، هۆشداری دەدەنە منداڵ و گەورە، بگرە لە پرۆگرامی خوێندن چەسپێنراوە، ئەوە جگە لەو یاسایانەی بەسەر تاوانباردا دەسەپێنرێن.

بەڵام لای خۆمان بیرکردنەوەکان تەسک و کورتبینانەن، دایکوباوک بە دڵنیاییش بزانن منداڵەکەیان دەستدرێژیکراوەتە سەری تەنیا پشکنینیکی پەردەی کچێنییەکەی بۆ دەکەن و بێ دوودڵی خۆیان بێدەنگ دەکەن! دەڵێن شەرمە با کەس نەزانێت و لەماڵەوەش هەموو خێزانەکە مامەڵەیان لەگەڵ کەسی دەستدرێژیلێکراو دەگۆڕن و بەچاوی تاوانبار تەماشایدەکەن! واتا ئەو منداڵە یان هەرزەکارە جگە لەو ستەمەی لێیکراوە، بینین و بیرکردنەوەی خێزانەکەشی دەبێت قبوڵ بێت کە خۆی لەخویدا رووخاندنی دەروونە! تاوانباریش رێک وەک مرۆڤێکی ئاسایی دەسووڕێتەوە و ژیانی ئاسایی خۆی دەباتەسەر و خێزانەکەی دەڵێن با ژنێکی بۆ بهێنین چاکدەبێت و بگرە ئەگەر خێزانداریش بیت دەڵێن هەموو کەس هەڵەدەکات ئاساییە جارێک هەڵەی کرد دووبارەی ناکاتەوە و ئامۆژگاری هاوژینەکەی دەکەن دەڵێن زیاتر ئاگات لێی بێت!

کۆمەڵگەی ئێمە ئاوا دەکات، بۆیە دەستدرێژیکارەکان بەردەوامن لەسەر تاوانی سێکسی بەرامبەر چەندینی وەک کچە 16 ساڵانەکە!

لێرەوە دەڵێم لەبەر ئەوەی ماستەر نامەکەم لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بوو لەگەڵ پشکنینی پەردەی کچێنی، زۆر لیکۆڵینەوەم خوێندەوە و زۆر خولم بینی تایبەت بە تاوانە سێکسییەکان، ئەوەی فێری بووم و تکادەکەم ئێوەش ئاگاداری بن:

- هەرگیز بەچاوی تاوانبار تەماشای کەسی رزگاربوو لە تاوانە سێکسییەکان مەکەن

- دەبێت و ئەرکە بەرامبەر هاووڵاتیی تر بیکەیت و بەرامبەر منداڵی خۆت بیکەی تاوانبار بدرێتە دادگا وسزای تاوانەکەی وەربگرێت.

-ڕزگاربووی دەستدرێژیی سێکسی مرۆڤە و پێویستی بەیارمەتی و پاڵپشت و چارەسەری دەروونی هەیە، لەبەرئەوەی کەسێک دوور لە بەها ئەخلاقییەکان و دوور لە سروشتی تەندروستی مرۆڤایەتی بێ پرس و بی رەزامەندی دەستی بردووە بۆ جەستەی مرۆڤێکی تر کە هەرگیز ئەو جەستەیە هی ئەو نییە و مافی نییە دەستکاریبکات.

-پەروەردەی سێکسی لە منداڵییەوە 80%ی ئەگەری دەستدرێژیی سێکسی کەمدەکات، واتا پارێزەری منداڵە بە رێژەیەکی باش.