له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌وامی قوتابخانه‌كان ده‌ستپێکردەوە

بەشێک لە قوتابخانە و خوێندنگەکان دەستیان بە دەوام کردووەتەوە. فۆتۆ: وەزارەتی پەروەردە

له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌وامی قوتابخانه‌كان ده‌ستپێکردەوە‌ و مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان شكاند، پەروەردەى سلێمانیش دەڵێت، لەسەرجەم ناوچەکان بایکۆت دەشکێندرێت و خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

رۆژی سێشەممە، 20ى شوباتى 2024، بەشێوەیەکى فەرمى دەوامى قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە و مامۆستایان و خوێندکاران گەڕانەوە هۆڵەکانى خوێندن، ئەوەش دوایئەوەى مامۆستایانی ناڕازی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بایكۆتیان شكاند و رایانگه‌یاند، لە ئەمڕۆ سێشەممە 20ی شوباتەوە ده‌ست به‌ ده‌وام ده‌كه‌نه‌وه‌.

عومەر محەمەد، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى پارێزگاى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند "بە گەڕانەوەى مامۆستایانى ناڕازیى پارێزگاى هەڵەبجە بۆ هۆڵەکانى خوێندن، پرۆسەى خوێندن لە تەواوى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و راپەڕین دەستپێدەکاتەوە".

رۆژى دووشەممە، 19ى شوباتى 2024، دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لەگەڵ قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و بەڵێنی پێداون پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بەگوێرەی ساڵانی خزمەت، بخرێتە بواری جێبەجێبەجێکردن و مامۆستایانی وانەبێژیش بە قۆناغبەندی بكرێنە گرێبەست".

دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانی هەڵەبجە رایگەیاند "جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەشیداوە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی مامۆستایان، بەردەوام لەسەر هێڵ دەبن.

له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی ئه‌مساڵی خوێندن له‌ مانگی ئه‌یلولی 2023، مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە، بەهۆى دواکەوتنى مووچەکانیان، بایکۆتی دەوامیان کرد، به‌ڵام بایكۆته‌كه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كان شكاوه‌ و خوێندن ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌ندێك مامۆستا ناڕازین و ده‌وام ناكه‌ن.