نمایشی جوانترین پشیلەکانی لەندەن بەڕێوەچوو

نمایشی رێرۆیشتنی پشیلەکان لە شاری لەندەنی وڵاتی بەریتانیا، بەخێوکەران و ئاشقانی پشیلە کۆدەکاتەوە، لە هۆڵێکی نمایشی ئەم شارەدا، سەرقاڵی نمایشکردنی پشیلەکانیانن و باشترینەکانیان هەڵدەبژێرن.

لەکاتێکدا هەفتەنمایشی جلوبەرگی لەندەن لە بەریتانیا دەستیپێکردووە، ئاشقان و بەخێوکەرانی پشیلە، نمایشێکی تایبەتیان بۆ پشیلەکانی لەندەن رێکخست و جوانترین پشیلەکان بەشدارییان لە نمایشی رێورۆیشتنی تایبەتیی کرد، نمایشی پشیلەکان، لە ئاستی جیهانییدا ئێستا گرنگییەکی گەورەی پێدەدرێت، لە چوارچێوەی وەرزی نمایشی جلوبەرگدا، هاوشێوەی خانمە مۆدێلەکان، پشیلەکانیش دەخرێنە سەر سەکۆی نمایش و جوانیی و جۆرەکانیان نیشاندەدرێت.

پشیلەکان لە باوەشی خاوەنەکانیان، دەهێنرێنە سەر سەکۆی نمایش و هەمووان وێنەی دەگرن، وەکو دەردەکەوێت، پشیلەکان چێژێکی زۆر لە دەرخستنیان دەبینن و هەست بەو گرنگیپێدانە دەکەن کە پێیان دەدرێت.

نمایشی رێکخراوی خۆشویستنی پشیلەکان، ساڵانە لە شارە جیاوازەکانی جیهان ئەنجامدەدرێت، دوو بنکەی سەرەکیی لە شاری لەندەن و ویلایەتی فلۆریدا هەیە، ئامانجی سەرەکیی بەرزکردنەوەی ناوبانگی پشیلەکانە لە ناوەندی نمایش و بۆنە جیهانییەکاندا، کە تاوەکو ئێستا، زیاتر سەگەکان رۆڵیان لەم بۆنە گەورانەدا بینیوە.

بە گوتەی ستیڤن میسێرڤ، دامەزرێنەری نمایشی رێکخراوی خۆشویستنی پشیلە، "خاوەندارێتیکردنی پشیلە روو لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لەناو شارەکاندا، چونکە بەخێوکردنیان ئەرکی کەمە، پێویستیان بە پیاسە و چوونەدەرەوە نییە، خۆیان ئاگاداری خۆیان دەبن، ئەمەس هۆکاری ئەوەیە خەڵک گرنگییەکی زیاتریان پێدەدات، هەمووان وەکو یەک خۆشیاندەوێت".

نمایشی پشیلەکانی رێکخراوی خۆشەویستنی پشیلە، لە سەرانسەری جیهاندا چالاکییەکانی رێکدەخات، لەوانە، ژاپۆن، کەنەدا، کۆلۆمبیا و ئەمریکا.

یەکێک لە دیارترین پشیلەکانی ئەم نمایشە، پشیلەیەکی سپی فارسییە بەناوی مستەر بەمبڵ، کە سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و بە فیزەوە لە خۆشەویستانی دەڕووانێت.

بە گوتەی ئانگارد ئیستوود، خاوەنی مستەر بەمبڵ، "بەردەوام ئارامە، هاوڕێیەتیکردنی خۆشە، لەماڵەوە تەنها خەریکی پاڵکەوتنە و حەزی زۆری لە باوەشە، شانەکردنی ئاسانە، حەزیشی لە خۆشتنە، زۆر ئاسان خۆی دەدات بەدەستەوە".

مستەر مەمبڵ تەمەنی 18 مانگە، بە گوتەی خاوەنەکەی، پێویستییەکی زۆری بە شانەکردن هەیە، تاوەکو بە خاویی بمێنێتەوە و کەمتر هەڵوەرێت

لەمیانی ئەم نمایشەدا، دەستەیەک لە داوەران ئامادەییان هەیە و شێوە و تەندروستی و کەسایەتیی پشیلەکان هەڵدەسەنگێنن، لە دەرئەنجامدا، باشترین ئەو پشیلانە وەکو براوەی کێبڕکێی مەراسیمەکە دیاریدەکەن کە لە ئاستی جۆری خۆیاندا باشترینن.

تەنها لەماوەی دوو رۆژدا، زیاتر لە شەش هەزار کەس سەردانی ئەم نمایشەیان کردووە، کە رێکەوتی 17 بۆ 18ی شوبات بەردەوامیی هەبوو.