چین نمایشی جلوبەرگ و جوانکاری بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان رێکدەخات

لە وڵاتی چین، بەمەبەستی برەودانی زیاتر بە بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان، نمایشێکی سێ رۆژەی جلوبەرگ و رازاندنەوە بۆ سەگ و پشیلەکان رێکخراوە.

لە چوارچێوەی هەفتەنمایشی جلوبەرگی پێتجۆی لە شانگهای، بە سەرپەرشتی کۆمپانیای بواری جلوبەرگی بەناوبانگی چینی: شانگتێکس، نمایشێکی تایبەتی سێ رۆژە، بۆ ژمارەیەک لە ئاژەڵە ماڵییەکان رێکخراوە و تیایدا بە نمایشکردنی نوێترین شێوازی جلوبەرگ و دیاریکردنی جوانترینەکان، چالاکییەکان بەڕێوەدەچن.

بۆ ئەمساڵ، 20 کۆمپانیای جیاواز لە بواری دروستکردنی جلوبەرگ و بەرهەمهێنانی خواردنی ئاژەڵان، بەشداریی سەرەکییان لە نمایشەکەدا کردووە، کە تیایدا چەندین پارچەی جلوبەرگ و خواردن و پێداویستیی ئاژەڵەکانی وەکو سەگ و پشیلە دەخەنە روو.

لە ساڵانی رابردوودا، نمایشی ئاژەڵانی چین، سنووردار بوو بۆ پارچەی جلوبەرگ، بەڵام بەگوتەی رێکخەرانی چالاکییەکە، بەهۆکاری گرنگیدانی زیاتر بە ئاژەڵە ماڵییەکان، چالاکییەکانیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و جەخت لە چەندین پرۆگرامی جیاواز دەکەنەوە، لەوانە: جوانکاریی ئاژەڵان، پێداویستییەکان و گەشتکردن.

بەگوێرەی ئامارە حکومییەکانی وڵاتی چین، رێژەی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا روو لە هەڵکشانە، ئەمەش وای کردووە کۆمپانیای زیاتر لە وڵاتەکەدا دەربکەون کە گرنگییەکی گەورە بە پێداویستیی و جلوبەرگ و خواردنی ئاژەڵە ماڵییەکان دەدەن و سەرنجی سەرەکییشیان لەسەر سەگ و پشیلەکانە.

ئامارەکانی سایتی ستاتیکا بۆ ئاماری جیهانییش ئاماژە بەوە دەدەن، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێژەی بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکانی چین هەڵکشاوە، تەنها لە ساڵی 2021دا، 200 ملیۆن ئاژەڵی ماڵی تۆمارکراون و سەگ لە پلەی یەکەم و پشیلە و ماسیش لە پلەی دووەم و سێیەمی ئاژەڵە باوە بەخێوکراوەکانی وڵاتی چینن.