یەکێتى تانە لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن دەدات

لۆگۆى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان.

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، بڕیاریدا لە دادگاى فیدراڵى تانە لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵپەساردنى رێکارەکانى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بدات.

تەلار لەتیف، لێپرسراوى ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیى بە کەناڵ8 راگەیاند، لەرێگەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەوە تانە لەبڕیاری ئەنجوومەنی کۆمسیاران دەدەن، سەبارەت بەهەڵپەساردنى پرۆسەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

ئاماژەى بەوەشکرد، فەرمانە سالارییەکەى "وەلائیەکەی" دادگای باڵای فیدرالی  پەیوەندارە بە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، نەوەک تەواوی پرۆسەکە.

رۆژی 7ـی ئایاری 2024، دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانێکی (وەلائی) سالاری بۆ کارپێنەکردن بە بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، کە بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

فەرمانە سالارییەکە، بە واژۆى دادوەر جاسم عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و بەکۆی دەنگی هەشت ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی دادگاکە بووە، وەکو بەشێک لە وەڵامی داخوازینامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کارپێنەکردن بە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ دابەشکردنی کورسییەکان بەگوێرەى ژمارەی دەنگدەران نەک پێوەرى ژمارەی دانیشتوان.

ئەوەش پاش ئەوە هات، رۆژی 6ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کردووە رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەڵپەسێردرێت و رابگیرێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتی کارکردن بە ماددەی دووەمی یاسای هەڵبژاردن کە ژمارەی کوردسییەکانی بەگوێرەى ژمارەی دەنگدەران لە چوار بازنەدا دابەشکردووە.

دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا، لەگەڵ ئەوەی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پێشتری کردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بڕیاریداوە کارکردنى کۆمیسیۆن بۆ ئەو پرسە رابگرێت، بەبڕگەی دووەمی ماددەی دووەمی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێرە پەسەندکراوەکان، کە تایبەتە بەوەى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنەی دەنگدانانەدا دابەشدەبن، پارێزگای هەولێر 34 کورسی، پارێزگای سلێمانی 38 کورسی، پارێزگای دهۆک 25 کورسی و پارێزگای هەڵەبجە سێ کورسی.

بڕیارە سالارییەکەی دادگای باڵای فیدراڵى، خەسڵەتى جێبەجێکردنی خێرای هەیە و دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەپەلە كارەكانی رابگیرێت، ئەوەش گۆڕانکاریی گەورە لە رێکارەکانی کۆمیسیۆندا دروستدەکات، هەر بۆیە راستەوخۆ پاش بڕیارە سالارییەکە، ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغداد کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.