بانکی TBI: بەشداری لە بەبانکیکردنى مووچەی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان دەکەین

لۆگۆی بانکی بازرگانیی عێراق

بانکى بازرگانیى عێراق TBI رایگەیاند: بەشدارى لە بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکات و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بە بەشداریکردن لە "هەژمارى من" ناویدەبات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ى ئایارى 2024، لە راگەیەندراوێکدا بانکى بازرگانیى عێراق TBI ئاماژەى بەوەکرد، بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشداری لە پرۆسەی بەبانکیکردنى مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

بانکەکە رایگەیاند: شاندێکى تایبەتمەند لە بانکی بازرگانیی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێر لەگەڵ شاندێکی تایبەتمەند لە حکومەتی هەرێمى کوردستان لە پارێزگای هەولێر سەبارەت بە میکانیزمی بەبانکیکردنى مووچەی فەرمانبەران کۆبوەتەوە و تاوتوێى پێداویستییەکانى پرۆسەی کردنەوەی هەژمار و دەرکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکى ئەى تى ئێم لە سەرتاسەری هەرێمى کوردستان کراوە.

 شاندی بانکی بازرگانی عێراقی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەبانکیکردنى مووچە و پێدانی کارتی ئەلکترۆنی بە فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بانکەکە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ناردنی لیستی ناوى فەرمانبەران.

بانکى تى بى ئاى دەڵێت: پاش ناردنى ناوى مووچەخۆران بۆ بانکى بازرگانى عێراق، بانکەکەیان دەست بە پرۆسەکە دەکات.

لەبەرامبەردا حکومەتى هەرێمى کوردستان، خۆشحاڵی لەوبارەیەوە نیشانداوە و هەڵوێستى بانکى بازرگانى عێراقى بە بەشداری لە پڕۆژەی "هەژماری من"ناوبردووە بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆران.

ئاماژەبەوەشکراوە، لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکى بازرگانى عێراقى کردووە و گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ئەى تى ئێم لە سەرانسەری هەرێمدا کرا.

حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت بانکی عێراقی بۆ بازرگانی هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاوڵاتییان دەبەخشێت. بە گوتەى ئەو "ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق".