حکومەتی هەرێمی کوردستان: بانکی TBI بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من دەکات

لۆگۆى پرۆژەى "هەژمارى من" و بانکى بازرگانیى عێراق.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانکی بازرگانیی عێراق TBI  بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی هەژماری من لەم هەفتەیەدا، چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانکی بازرگانیی عێراق ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بانکی بازرگانیی عێراق TBI هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق".

هاوکات، لە راگەیەندراوێکدا بانکى بازرگانیى عێراق TBI ئاماژەى بەوەکرد، بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشداری لە پرۆسەی بەبانکیکردنى مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

بانکەکە رایگەیاند: شاندێکى تایبەتمەند لە بانکی بازرگانیی عێراق بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری لقی هەولێر لەگەڵ شاندێکی تایبەتمەند لە حکومەتی هەرێمى کوردستان لە پارێزگای هەولێر سەبارەت بە میکانیزمی بەبانکیکردنى مووچەی فەرمانبەران کۆبوەتەوە و تاوتوێى پێداویستییەکانى پرۆسەی کردنەوەی هەژمار و دەرکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکى ئەى تى ئێم لە سەرتاسەری هەرێمى کوردستان کراوە.

 شاندی بانکی بازرگانیی عێراقی ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەبانکیکردنى مووچە و پێدانی کارتی ئەلکترۆنی بە فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بانکەکە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ناردنی لیستی ناوى فەرمانبەران.

بانکى TBI دەڵێت: پاش ناردنى ناوى مووچەخۆران بۆ بانکى بازرگانى عێراق، بانکەکەیان دەست بە پرۆسەکە دەکات.