لە ماوەی دوو مانگدا 32 کەس لە عێراق بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش دەستگیرکراون

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرایدەکات، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا 32 کەسیان بە تۆمەتى ئەندامبوون لە رێکخراوى داعش دەستگیرکردووە و دووان لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای کەرکوک بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی شوباتی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "هێزەکانمان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا توانیویانە 32 تیرۆریست دەستگیربکەن، دوو لەو تیرۆریستانە لە پارێزگای کەرکوک بوون".

ئاماژەبەوەشکراوە "ئەو دوو تیرۆریستەی لە کەرکوک دەستگیرکراون، ژمارەیەک ڤیدیۆی بانگەشەئامێزییان بۆ داعش بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە 24 کاتژمێردا دەستگیرکراون".

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسلەوەشدەکات، ئەو دوو دەستگیرکراوە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیانناوە بەتاوانەکەیاندا کە ئەندامی داعشن و ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان بۆ تێکدانی ئارامی، تێکدانی دۆخی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ترس بووە لەناو دانیشتوواندا.

هەر لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی نیشتمانیدا هاتووە، هێزەکانیان لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، بەسڕە و دیالە 20 تیرۆریستیان دەستگیرکردووە کە داواکراوبوون بەگوێرەی ماددەی (4)ی تیرۆر.