هاوسەری سەربازانی نێردراوى رووسیا بۆ جەنگی ئۆکرانیا خۆپیشاندانیانکرد

دەستگیرکردنى دوو خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسى مۆسکۆوە، لەکاتى خۆپیشاندانى هاوسەرى سەربازانى رووسیا لە ئۆکرانیا. فۆتۆ: AFP

ئەمڕۆ شەممە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا، هاوسەری سەربازانی نێردراو بۆ ئۆکرانیا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەهۆیەوە چوار کەس دەستگیرکران کە رۆژنامەنووسیشیان تێدایە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانی هەفتانەی هاوسەری سەربازانی نێردراو بۆ ئۆکرانیا، چوار کەس لەلایەن پۆلیسی مۆسکۆوە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوان لە دەستگیرکراوان بەرگی رۆژنامەنووسیان لەبەردا بووە و لەلایەن پۆلیسەوە بۆ شوێنی نادیار برداون.

دوو ساڵ بەرلەئیستا جەنگی ئۆکرانیا دەستیپیکرد، بەهۆیەوە تاوەکو ئیستا نزیکەی 11 هەزار هاوڵاتىی مەدەنی کوژراون، کە 587 یان منداڵ بوون و نزیکەی 20 هەزار کەسیش برینداربوون.