روانگەی سووری: داعش 6 هاوڵاتی لە کاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا کوشت

ژمارەیەک سەربازى سووریا بەسوارى ئۆتۆمبێلێکەوە لە دەشتاییەکانى حومس. فۆتۆ: گوگڵ

چەکدارانی داعش لە پارێزگای حومس هێرشیانکردەسەر ئەو هاوڵاتییانەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بوون و شەش هاوڵاتییان کوشت.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی داعش لە سنووری گوندی جەب حەبل لە ناوچەی جەب جەڕاح لە رۆژهەڵاتی  پارێزگای حومس هێرشیانکردووەتەسەر ئەو هاوڵاتیانەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی دوومەڵان بوون.

باس لەوەکراوە، چەکدارانی داعش لەو هێرشەیاندا شەش هاوڵاتیاین لەکاتی کۆکردنەوەی دومەڵاندا کوشتووە، یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی عەشیرەتی بەنی خالید فەخز دروبی بووە، عەشیرەتێکی ناوداری ناوچەکەن.

چەکدارانی داعش لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانیان لەناچە بیابانییەکانی سووریا زیاتر کردووە، هاوکات لەگەڵ هێرشکردنەسەر هێزەکانی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکاندا، هێرش دەکەنە سەر ئەو هاوڵاتییانەش کە لە بیابانەکاندا سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵانن.

بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەو هێرشانەدا 133 کەس کوژراون، 17 کەسیان ئەندامانی داعش بوون.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس بڵاویکردووەتەوە، چەکدارانی نەناسراو سەربازێکی سوپای سووریایان لە پارێزگای درعا کوشتووە.